ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆیان دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئێران کردووە.
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی دژی تاران کردووە وەک پشتگیرییەک بۆ خۆپێشاندەران. سەرچاوەکان دەڵێن ئەم هەوڵەی ئێران بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان یان کڕینی کاتە پێش ئەوەی ترەمپ بڕیارێکی توند بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، عێراقچی و ویتکۆف باسیان لە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کردووە. ئەم دوو بەرپرسە لە ساڵی ڕابردووەوە و لە کاتی دانوستانە ئەتۆمییەکانەوە دەستیان بە گۆڕینەوەی نامە کردووە و پەیوەندییان بەردەوام بووە.
دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ئێران داوای دانوستانی کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی. ترەمپ وتیشی: "ڕەنگە ناچار بین پێش ئەنجامدانی هەر کۆبوونەوەیەک بجووڵێین"، ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتژمێر بە کاتژمێر ڕاپۆرت لەسەر دۆخەکە وەردەگرێت.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە دۆخەکە لە هێڵە سوورەکان لایداوە و سوپای وڵاتەکەی خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە بژاردە سەربازییە زۆر بەهێزەکان. هەروەها وتی کە ڕژێمی ئێران لە ڕێگەی توندوتیژییەوە حوکم دەکات و خەڵکی بێتاوان دەکوژرێن.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە دەیەوێت لەگەڵ ئیلۆن ماسک گفتوگۆ بکات بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ڕێگەی ستارلینکەوە بۆ ناو ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئینتەرنێتیان بەتەواوی پچڕاندووە.
لەلایەکی دیکەوە، چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەکان لە ١٨٦ شاری جیاواز گەیشتووەتە ٥٤٤ کەس. هەندێک ڕاپۆرتی تر باس لەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوان زۆر لەوە زیاترە و گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار کەس.