هەرێم نیوز
بارزانی نیگەرانیی خۆی بەرانبەر ئەو هەڵمەتە دەردەبڕێت کە دژی عەرەبە سوورییەکانی دانیشتووی هەرێم دەستی پێ کردووە و ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕەفتارانە لەگەڵ بەهاکانی گەلی کوردستان ناگونجێن و دەبێت ڕێگرییان لێ بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی 1ی 2026، بارزانی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، بەداخەوە لە کاردانەوەی ڕووداوەکانی حەلەب، لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیال میدیا هەڵمەتێک دژی هاووڵاتییانی عەرەبی سووری دەستی پێ کردووە، کە ئەمەش "بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاکانی گەلی کوردستان ناگونجێت و دژی سیاسەتی هەرێمی کوردستانە."
بارزانی جەختی کردووەتەوە کە "نابێت ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵکێکەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکە" کە پەیوەندییان بە تاوانەکەوە نییە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، دەبێت ڕێز لەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبانە بگیرێت کە پەنایان بۆ هەرێم هێناوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپاردووە کە "کۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێنن" و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بگرن.
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی :
پەیامێک لە سەرۆک بارزانیەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە كاردانەوە بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، بەداخەوە لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی تردا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
مسعود بارزانی
12ی كانوونی دووەمی 2026