دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیلهام ئەحمەد هۆشداریی دەدات نەخۆشخانەی خالید لە حەلەب بە ئەنقەست بۆردومان دەکرێت

هەرێم نیوز

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، هۆشدارییەکی بەپەلە و توند سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب بڵاو دەکاتەوە و ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی (خالید) بە ئەنقەست کراوەتە ئامانج.

ئیلهام ئەحمەد لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سەکۆی (X) ئاماژەی بەوە دا، کە نەخۆشخانەی خالید لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، سەدان هاووڵاتیی مەدەنیی بریندار و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی تێدایە، بەڵام بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە ئەنقەست لەلایەن هێزە هێرشبەرەکانەوە بۆردومان دەکرێت.

ناوبراو داوای لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ هێنانەدەرەوەی بریندارەکان و ڕێگریکردن لە "کۆمەڵکوژی"، هاوکات حکوومەتی سووریای بە تەواوەتی بەرپرسیار کرد لە هەر زیانێک کە بەر ئەو بریندارانە بکەوێت.

بە ئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت. نەخۆشخانەی خالید تەنها ناوەندی سەرەکیی تەندروستییە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کە چارەسەری بریندارانی شەڕ و هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات. ئەم هۆشدارییەی ئیلهام ئەحمەد لە کاتێکدایە کە باس لە ڕێککەوتنی ئاگربەست دەکرێت، بەڵام بەردەوامیی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان مەترسیی لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و ژیانی سەدان مرۆڤی بێتاوان دروست کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP