هەرێم نیوز
حکوومەتی فەرەنسا نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب دەربڕی و داوای گەڕانەوەی دەستبەجێی لایەنەکانی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی ئاگربەست کرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، ئەمڕۆ شەممە (١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و کردنەوەی ڕێڕەو بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کردەوە. پاریس ئاماژەی بەوە دا کە پشتگیری لەو پێشنیازانە دەکات کە مەبەست لێیان پاراستنی سڤیلەکانە، هاوشێوەی ئەو بەڵێنانەی پێشتر دیمەشق دابووی.
فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا داوایەکی تایبەتی ئاراستەی لایەنەکان کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ڕێگە بدرێت شەڕڤانان بە شێوەیەکی "شکۆمەندانە" لە ناوچەکە بکشێنەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرەنسا جەختی کردەوە کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی تر بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ حەلەب لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو و فرەییدا، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراو بێت.