هەرێم نیوز
ستیڤانا باغلی کۆڵۆنێڵی ئەمریکی و بەرپرسی پاشکۆی سەربازیی لە کۆنسوڵخانەى ئەمریکی لە بەغداد لە ئێستادا بووەتە ناوێکی دیار و دەیەوێت هەموو گروپێکی چەکدارە میلیشیاکان چەک بکات و رادەستى یاسایان بکات، بەجۆرێک وەک سەرچاوەکان باسى دەکەن ئێستا باگڵی بووەتە بەڵای گیانى میلشیاکانى عێراق و لە هەمووان زیاتر لێی دەترسن، بەگوێرەى سەرچاوەکان باگڵی بەرزترین ئاستى سەربازیی هەیە لە وەزارەتى (بەگریی ئەمریکا) پەنتاگۆن.
،سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن رێکخەرى ئاسایش و ئەمنیی نێوان بەغداد و واشنتن و هێزەکانى پێشمەرگەیە.
یەکێک لە کارەکانى ئەم خانمە ئەوەیە بووەتە بازنەى پەیوەندیی لەنێوان دامەزراوە عێراقییەکان و هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ پنتاگۆن، چاوى لەسەر بابەتە ئەمنییەکان و بەهێزکردنى ژێرخانى سەربازیی و ئەمنیی و رووبەڕوو بوونەوەى هەر هێرشێکە بکرێتە سەردامەزراوە ئەمریکییەکان لە عێراق و ئامانجی سەرەکیشى لەناوبردنی میلشیاکانى عێراقە.
بەگوێرەى ئەوزانیارییانەى کە پنتاگۆن بڵاویکردووەتەوە ئەم خانمە زیاتر لە 24 ساڵ ئەزموونى سەربازیی هەیە و لەچەند وڵاتێک وەک پاشکۆی سەربازیی لە کۆنسوڵخانەکانى ئەمریکا کاریکردووە.
ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی کۆبوونەوە چڕەکانییەوە لە بەغداد و هەولێر ناوى کەوتووەتەوە بەرباس و سەرچاوە نافەرمییەکانی عێراقیش جەخت دەکەنەوە بەشێکی زۆر لە کۆبوونەوەکانى پەیوەندیی بە چەککردنی تەواوەتى میلشیا سەربازییەکانەوە هەیە و دەیەوێت چەک تەنها لەدەستى دەوڵەتدا بمێنێتەوە.
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن بەشێکی زۆر لە گفتوگۆکانى لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە دۆسییەی نەوت و هێرشکردنە سەریان بووە لەگەڵ چۆنیەتى پاراستنى کێڵگەو بۆرییە نەوتییەکان و ئەمەش لەدواى ئەو هێرشە بەهێزە دێت کە کرایە سەر کێڵگەى کۆرمۆرو بووە هۆی بچڕانی کارەبا و زیانێکی زۆر لە ئابووری عێراق کەوت.
لە میانى کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گەورە بەرپرسانى عێراق یەکێک لەو مەرجانەى دایناوە بۆ ئەوەى لەبودجەى ئەمنى ساڵی 2026 ی ئەمریکا بۆ هێزە ئەمنى و سەربازییەکانى عێراق بەردەوام بێت یەکلایی کردنەوەى گروپە چەکدارە میلشیکانە و راشکاوانە ئەم بابەتەى بە بەرپرسە عێراقییەکان راگەیاندووە، ئەگەر بەخێرایی نەچن بەدەم ئەم داوایەى ستیڤاناوە ئەوا پێدەچێت بەجۆرێکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ بکات و کێشە بۆ هاوکارییە ئەمنییەکانى ئەمریکا بۆ عێراق دروست ببێت و لە هەموو لایەکەوە زیان بە عێراق بگەیەنێت.
بەگوێرەى سەرچاوەکان باگلی لەسەر سێ تەوەر لەگەڵ بەرپرسە باڵا عێراقییەکان قسەی کردووە، یەکەم: چەکدانانى بێ چەندو چوونى میلشیاکان، دووەم دیاریکردنى خشتەیەک بۆ چەکدانانى ئەو گروپانە و سێیەم فراوانترکردنی دەسەڵاتى سەرۆکی هێزە چەکدارەکانى عێراقە.
وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن ئەو گروپانەى دەبێت چەکەکانیان رادەستى حکومەت بکەن بوونەتە دوو بەشەوە، کەتیبەکانى ئیمام عەلی بە سەرۆکایەتى شبل زەیدی، عەسائیبی ئەهلى حەق بە سەرۆکایەتى قەیس خەزعەلی، ئەنساروڵای ئەوفیا و چەندانى تر، وەڵامیان داوەتەوە و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لەژێر باڵی -حەشدى شەعبی-دا بچنە نێو پرۆسە چەک لە دەستى دەوڵەت و بەشێک لە پەرلەمانی عێراقیشیان بەدەستەوەیە، بەڵام ئەوەندەى گوێڕایەڵی گەورە مەرجەعی شیعەکانى عێراق (سیستانى)بن ئەوەندە گوێ بە هەڕەشەکانى ئەمریکا و عێراقیش نەدەن و وەک شارەزایان دەڵێن پرۆسەکە پێویستى بە فەتوایەکی ئەویش دەبێت.
لەگەڵ ئەوەشدا حیزبوڵای عێراقی و نوجەبا پرۆژەکەى ستیڤانایان بە تەواوەتى رەتکردووەتەوە رایانگەیاندووە ئەو بابەتە کاروباری ناوخۆیی عێراقە و ئەمریکا و هاوشێوەکانى بۆیان نییە قسەى لەبارەوە بکەن. و بە هەموو شێوەیەک دژایەتى هێزە بیانییەکان دەکەن.