هەرێم نیوز
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای دەکات، دابینکردنی غازی ئێران بە تەواوەتی ڕاوەستاوە و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی 12ی 2025، وەزارەتی کارەبای عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەهۆی ڕاوەستانی تەواوەتیی غازی ئێران، تۆڕی کارەبای نیشتمانی لەنێوان 4000 بۆ 4500 مێگاوات وزەی کارەبای لەدەست داوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش داوە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت پەنایان بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنیی جێگرەوە لە ناوخۆ بردووە تا کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی کارەبا لەسەر هاووڵاتییان کەم بکەنەوە.