دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پۆلیسی هەولێر زانیاری نوێ لەسەر دەستبەسەرکردنی کادیرەکەی یەکێتی دەخاتەڕوو

هەرێم نیوز

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، هاوڵاتی میران بەکر عبدالرحمان، کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سکرتێری رۆژنامەوانی بەرێز وەزیری پێشمەرگە بووە و ئەندام و کادری یەکێتییە، درەنگانی شەوی هەینی لە سنووری بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لایەن چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیر کراوە و ئازاردراوە و دوای ماوەیەک ئازاد کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا وردەکاریی دەستگیرکردن و ئازاردانی کارمەندێکی وەزارەتی پێشمەرگەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیس، هاووڵاتیی 'میران بەکر عەبدولڕەحمان'، کە کارمەندی وەزارەتی پێشمەرگەیە و پێشتر سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە بووە، درەنگانی شەوی هەینی، 19ی کانوونی یەکەمی 2025، لە نزیک بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، لەلایەن "چەند چەکدارێکی خۆیانەوە دەستگیر کراوە و ئازاردراوە".

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، میران بەکر، کە ئەندام و کادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، دوای ماوەیەک ئازاد کراوە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە "لە هەبوونی سکاڵای یاسایی، پۆلیس و لایەنە پەیوەنددارەکان ڕێوشوێنی لێکۆڵینەوە و ڕێکارەکانی پێویست دەگرنە بەر بۆ دەرخستنی ڕاستی و سەروەرکردنی یاسا."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، پۆلیسی پارێزگای هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان "بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادرێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایش بدات و ئازادیی کەسی و کەرامەتی هاووڵاتییان بە هیچ بیانوویەک پێشێل بکات."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP