هەرێم نیوز
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ میسر وێستگەیەکی مێژووییە و سەلمێنەری پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە هاوکێشە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئێوارەی دوێنێ شەممە (20ی کانوونی یەکەمی 2025)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیرە و لەلایەن ئەحمەد فوئاد هونۆ، وەزیری ڕۆشنبیری و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێ کرا.
لەوبارەیەوە د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و قاهیرە ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژووییان هەیە و دەگەڕێنەوە بۆ پەیوەندیی بەهێزی نێوان "بارزانیی نەمر" و جەمال عەبدولناسر لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش دا، ئەم سەردانە دەرگایەکی نوێ بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان دەکاتەوە، بەتایبەت کە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی میسری لە هەرێم کار دەکەن و کۆنسوڵخانەکەیان ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت.
د. محەمەد شوکری دووپاتیشی کردەوە کە دیداری سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆکی میسر، پەیامێکی ڕوونە بۆ گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا.