دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی میسرەوە حەماس کۆنترۆڵ بکات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی، ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەتەمایە هەنگاوێکی سیاسی و ئەمنیی نوێ لەگەڵ میسر بنێت، ئەویش بە کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح. ڕۆژنامەکە جەختی کردەوە کە سنووردارکردنی جوڵەکانی بزووتنەوەی "حەماس" لەلایەن میسرەوە دەبێت.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "خەمڵاندنەکان لە ئیسرائیل نیشانی دەدەن کە بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و ئەمنییەکان لەگەڵ میسر، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی حەماس و زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەری." هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە "میسر هەر هەنگاوێک ڕەتدەکاتەوە کە ببێتە هۆی گۆڕانی دیمۆگرافی لە کەرتی غەززە."

لە لایەکی ترەوە، پێشتر ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "زەمان"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کردبوو کە ڕێککەوتنی ئەم دواییەی غاز لە نێوان ئیسرائیل و میسردا، بە پاڵنەر و گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا بووە، سەرەڕای ئەو گرژییە توندەی کە لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە لە پەیوەندییەکانی نێوانیاندا هەبووە.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە کە واشنتۆن ڕێککەوتنی غازی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێناوە بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکانی "ئیسرائیل-میسر"، بەتایبەتی لە سایەی ناکۆکییە توندەکان سەبارەت بە دەروازەی ڕەفەح، کە قاهیرە هەر کردنەوەیەکی یەکلایەنەی دەروازەکە بە "هێڵی سوور" دەزانێت لە ترسی کۆچپێکردنی فەڵەستینییەکان بۆ سینا.

لە لایەن خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ڕەزامەندی ئیسرائیل لەسەر ڕێککەوتنی غاز کە کۆمپانیای شیفرۆن لەگەڵ میسر واژۆی کردووە، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کارە بازرگانییەکانی ئەمریکا و هاوکاریی ناوچەیی."

ئاماژەی بەوەش کردووە: "ڕێککەوتنی غازی نێوان ئیسرائیل و میسر نەک تەنیا ئاسایشی وزە بەهێز دەکات، بەڵکو پاڵپشتی هەوڵە فراوانەکانیش دەکات بۆ سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوەی غەززە."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP