هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی "بلۆمبێرگ"ی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، تورکیا بیر لە وازهێنان لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400ی روسی دەکاتەوە، کە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر کڕیویەتی، لە هەنگاوێکدا کە ئامانج لێی باشترکردنی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئەمریکاو لابردنی ئەو ئاستەنگانەیە کە بوونەتە رێگر لە گەڕانەوەی بۆ پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35.
هاوكات لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانی بەرگری لەگەڵ واشنتۆن و ناتۆ.
ئاژانسە ئەمریكییەكە لە راپۆرتێكدا دەڵێت: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بەشێوەیەكی راستەوخۆ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، هاوتا روسیەکەی، لە میانی کۆبونەوەیان لە تورکمانستان، هەفتەی ڕابردوو، گفتوگۆی لەسەر ئەم باتە كردووە، ئەوەش دوای زنجیرەیەک وتوێژی رانەگەیەندراوی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات سەبارەت بە داهاتووی ئەو سیستەمە مشتومڕاوییە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە بلومبێرگیان راگەیاندووە: ئەنكەرە بیر لە چەند سیناریۆیەک دەکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمی ئێس-٤٠٠، لەوانە گەڕاندنەوەی سیستەمەکان بۆ روسیا، لەناوبردنی بەتەواوی، یان دانانی لەژێر کۆنترۆڵی راستەوخۆی ئەمریکادا، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ نەهێشتنی ئەو نیگەرانییە ئەمنییانەی واشنتۆن و ناتۆ وروژاندوویانە.
لەبەرامبەردا کریملین، رەتیکردووەتەوە لە کاتی کۆبونەوەی پوتین و ئەردۆغاندا داواکارییەکی فەرمی لە لایەنی تورکیا سەبارەت بە گەڕانەوەی سیستەمەکەی پێگەیشتبێت، بەرپرسانی تورکیاش رەتیانکردووەتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو پرسە بدەن.