هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی ئەمریکا سزای خستە سەر ٢٩ کەشتی و ئەو کۆمپانیایانەی کە سەرپەرشتی ئەو کەشتیانە دەکەن، و ڕایگەیاند کە ئەم کەشتیانە بە نایاسایی و بۆ شکاندنی سزاکانی سەر ئێران، نەوت و پێداویستییە نەوتییەکانی ئێران دەگوازنەوە.
نوسینگەی چاودێری سەرمایە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لیستی ئەو کۆمپانیا و کەسانەی نوێ کردەوە کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی ئەوەی هاوکاری ئێرانیان کردووە لە گواستنەوەی نەوت بە دزییەوە.
بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، نزیکەی ٢٠ کۆمپانیای کەشتیوانی کە بنکەکانیان لە دوورگەکانی مارشاڵ، پاناما، دوورگەکانی ڤێرجینی بەریتانیا، لیبێریا، ئیمارات و هیندستانە، سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها نزیکەی ٢٩ کەشتی گەورە کە ئەم کۆمپانیایانە بەڕێوەیان دەبەن و ئاڵای وڵاتانی وەک پالاو، پاناما، جامایکا و گامبیایان بەکارھێناوە بۆ گواستنەوەی ماددە کیمیاییەکان و نەوت، خرانە لیستی ڕەشەوە.