هەرێم نیوز
حوسام حەسەنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات، سبەینێش چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلادەكاتەوە و هەر ئەمرۆش سوننەكان كۆدەبنەوەو كاندیدێك یان دوو كاندید بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دیاری دەكەن
حوسام حەسەنی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "العهد"وتی: چوارچێوەی هەماهەنگی بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ کردووە و بەشداری گفتوگۆی جددی و قووڵی کردووە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسییەی سەرۆکایەتی وەزیران و لە كۆبونەوەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو میکانیزمی هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆتایی پێدەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد: چارەسەرکردنی پۆستی سەرۆک وەزیران هانی هێزو گروپە سیاسییەکانی دیکە دەدات بۆ خێراکردنی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان.
دووپاتیشی کردەوە: چوارچێوەی هەماهەنگی هانی هێزە سونییەکان دەدات بۆ ئەوەی بە زووترین کات پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەكلابكەنەوە.
ئەو بەرپرسە رەوتی حیكمە جەختی لەوە شکردەوە: چوارچێوەکە قبوڵ ناکات سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان كەسایەتیەكی لاوازو رووكەشی بێت، چونكە قۆناغی داهاتوو پێویستی بە کەسایەتی کاریگەر هەیە کە توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەبێت.
هاوکات سەڵاح مەرعاوی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم، بە رۆژنامەی (الصباح)ی رایگەیاندووە: ئەمڕۆ لە بارەگای سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم، کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدرێت، لەومیانەدا هەڵبژاردنی كاندیدێك یان دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.
وتيشى: ناتوانرێت باس لە چانسی هیچ کاندیدێك بکرێت، چونکە تا ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و رێککەوتن لەسەر هیچ ناوێك نەكراوە.
لای خۆیەوە، سەڵاح کوبەیسی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە رایگەیاندووە: پێنج كوتلەكەی ناو ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی هێشتا لە پرۆسەی لێکتێگەیشتندان لەنێوان خۆیاندا بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: زۆربەی كوتلەكان کاندیدیان هەیەو دەبێت بگەنە قۆناغى کۆدەنگی و لێکتێگەیشتن بۆ ئەوەی یەک یان دوو کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بخەنەڕوو.
رەتیشیکردەوە هەر ناکۆکییەک لەنێوان ئەو ئەو كوتلانەدا هەبێت کە ئەنجومەنەكەیان پێكهێناوە، بەڵکو لێکتێگەیشتن و هاوبەشی نێوانیان گەورەترەو قۆناغی ناکۆکی و ناوزڕاندنی میدیایی و قسەی دوژمنکارانەیان تێپەڕاندووە.