دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆیتەرز: سعودیە پلانی هەیە دوو فرۆشگای نوێی مەیفرۆشتن بکاتەوە

هەرێم نیوز

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز و سەرچاوە ئاگادارەکان، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە بەرنامەیاندا هەیە دوو فرۆشگای نوێ بۆ فرۆشتنی مەی (مەشروبی کحولی) لە هەریەک لە شارەکانی زەهران و جەددە بکەنەوە.

ئەم هەنگاوەش بە بەشێک لە پرۆسەی کرانەوەی وڵاتەکە و کەمکردنەوەی کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت.

بڕیارە ئەم فرۆشگایە لەناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆ بکرێتەوە. ئامانج لێی خزمەتکردنی ئەو کارمەند و پسپۆڕە بیانییانەیە کە لەو کۆمپانیایە کاردەکەن و موسوڵمان نین.

فرۆشگای دووەم لە (جەددە)یە، ئەمەیان تایبەت دەبێت بە دیپلۆماتکارە بیانییەکان (نا موسوڵمانەکان) لە شاری جەددە، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتییە بیانییەکان لەم شارەدا هەن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێشبینی دەکرێت ئەم دوو فرۆشگایە لە ساڵی ٢٠٢٦ دا بە ڕووی ئەو کەسانەی مۆڵەتیان هەیە بکرێنەوە.

جگە لە کردنەوەی فرۆشگای نوێ، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەو فرۆشگایەی پارساڵ لە ڕیاز (تایبەت بە دیپلۆماتکاران) کرایەوە، ئێستا ڕێگە بەو بیانییانەش دەدات مەی بکڕن کە خاوەنی "مانەوەی تایبەت"ن، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە یاساکانی پێشوودا.

چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی فرۆشگاکەی ڕیاز، کڕین لەم شوێنانە بە سیستەمێکی دیجیتاڵی و پڕکردنەوەی فۆرم بێت و بڕی دیاریکراوی مانگانە بۆ هەر کەسێک هەبێت، بۆ ئەوەی ڕێگری لە بازاڕی ڕەش بکرێت.

ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی دیدگای ٢٠٣٠ی شازادە محەمەد بن سەلمان دێت بۆ کرانەوەی سعودیە بە ڕووی گەشتیاران و بازرگانانی جیهانیدا، هەرچەندە تا ئێستا خواردنەوەی مەی بۆ هاوڵاتیانی موسوڵمان و گشتیی خەڵک بە قەدەغەیی ماوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP