دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

لە ئێران ژیان وەستاوە: تاران بەهۆی پیسبوونی هەواوە دەستی بە 'نیمچە-داخستن' کرد

هەرێم نیوز

لە ئەنجامی زیادبوونی پیسبوونی هەوا لە پارێزگای تاران، ژمارەیەک بڕیاری بەپەلە و توند دران کە بووەتە هۆی نیمچە-داخستنێکی بەربڵاو لە پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران.

ئەم بڕیارانە، کە لەلایەن دامەزراوەی باری نائاسایی پیسبوونی هەوا لە پارێزگای تارانەوە دراون، مەودایەکی فراوان لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی گرتووەتەوە، لەوانە خوێندن، کاری فەرمی و هاتووچۆی گشتی.

سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و زانکۆکانی پارێزگای تاران، بێجگە لە فیروزکۆ، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بە شێوەی نا-ئامادەیی (مەجازی) دەبن.

کارمەندانی فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان، بە گوێرەی ڕای بەڕێوەبەر، لەم ماوەیەدا کاری دوور ئەنجام دەدەن. بانکەکان بە شێوەی نۆرە چالاک دەبن.
 
پۆلیسی هاتوچۆی تاران ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژی دووشەممەوە تا کۆتایی هەفتە، هاتوچۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلە قورسەکان، جگە لەو ئۆتۆمبێلانەی سووتەمەنی، دەرمان و خۆراک دەگوازنەوە، تەنانەت بە شەوانیش، قەدەغەیە.

سەرچاوە ئێرانییەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە پێنوێنی پیسبوونی هەوای تاران بۆ ئاستی سوور بەرز بووەتەوە، و لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە نزیکەی 199، کە دۆخێکی مەترسیدارە بۆ هەموو گرووپەکان.

ئەم دۆخە نائاساییە تەنها تایبەت نییە بە تاران، بەڵکو چەندین پارێزگا و شاری دیکەی وەک تەورێز، کەرەج، ئەسفەهان و قەزوینیش بەهۆی پیسبوونی هەوا و لە هەندێک شوێن بەهۆی پەرەسەندنی ئەنفلۆنزاوە، بڕیاری نا-ئامادەیی (مەجازی) یان داخستنی دامەزراوەکانیان داوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP