هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پانێڵیکی تایبەتدا ئاماژەی بە نەگونجای یاسای ئێستا هەڵبژاردن دا و ڕایگەیاند: هاوڕای سەرۆک بارزانین لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن چونکە ئەو یاسای ئێستا دەنگێکی زۆری لایەنە سیاسییەکان دەفەوتێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیداری مێپس 2025 ڕای گەیاند، لەبارەی یاسای هەڵبژاردن هاوڕام لەگەڵ بارزانی كە یاسای ئێستەی هەڵبژاردن دەنگێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان دەفەوتێنێت، زۆر دەنگی هاوپەیمانییەكەشمان بەهۆی ئەم یاسایەوە لە دەست دا.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بگەینە ڕێككەوتن بۆ دانانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن كە گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەران بكات، چونكە لە یاساكەی ئێستەدا، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەنگی دەنگدەران و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەماندا هەیە.
باسی لەوەش كرد، ئەو نەریتە سیاسییەی لە دوای 2003ـەوە لە عێراق هەیە، بۆ دابەشكردنی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر كورد، سوننە و شیعەدا، بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراق بووە و ئێستە هیچ هۆكارێك نییە بۆ نەهێشتنی ئەو نەریتە.
دەشڵێت، دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەوە و بڕیاری دا، گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا پێكبهێنێت. لەمڕۆوە دەست دەكەین بە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتییەكان.
ئەمڕۆ شەشەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) بە ئامادەبوونی 120 سەرۆك و سەركردە لە 25 وڵات لە دهۆك دەستی پێ كرد.