دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە: یەکەی 80 هەڵدەوەشێتەوە و دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

هەرێم نیوز 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، یەکەی 80 هەڵدەوەشێتەوە بەناوی "فەرماندەی دەڤەری یەک" لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست بەکار دەبێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە، فەرمانی هەرێمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی یەکەی 80 دەرچووە و بەناوی "فەرماندەی دەڤەری یەک" دەخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرماندەی دەڤەری یەک" لە شەش فیرقەی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە پێکدێت و لەم نزیکانەدا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.

هەڵوەشاندنەوەی یەکەی80 لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە.

سەرچاوەکە وتیشی: بڕیارە سبەی سێشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەک بکەن هەر سەبارەت بە هەماهەنگی و پشتیوانە لۆجستییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP