هەرێم نیوز
هەڵسەنگاندن بووۆ چالاکییە جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەریدەخات لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پارتی توانیویەتی بە جێبەجێکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە کەرنەڤاڵ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان، پێگەی خۆی وەک هێزی یەکەم و بێ ڕکابەری جەماوەری لەسەر ئاستی عێراق بسەلمێنێت.
ڕیکۆردی کەرنەڤاڵە جەماوەرییەکان
بەپێی بەدواداچوونەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها لایەنی سیاسی بوو، کە ژمارەی هەرە زۆری لە کۆبوونەوە و کەرنەڤاڵی جەماوەری ئەنجامدا. ئەم چالاکییانە سنووری شار و شارۆچکەکانی کوردستانیان بڕی و، ئەم هەوڵە چڕە لە ڕووی ژمارەی چالاکی و مەودای جوگرافییەوە، لەلایەن هیچ پارت و هاوپەیمانێتییەکی تری عێراقیشەوە دووبارە نەکراوەتەوە.
ئاستی بەشداری جەماوەر
خاڵی جەوهەری و جێگەی سەرنج ئەوە بوو، کە ئاستی بەشداری لەم کەرنەڤاڵانەدا یەکجار زۆر بوو. لە چەندین شار و ناوچە (وەک: هەولێر، دهۆک، زاخۆ، شەقڵاوە، کەرکووک، سلێمانی، و زووممار)، دەیان و سەدان هەزار هاونیشتمانی ڕوویان لە شوێنی کۆبوونەوەکان دەکرد.
ئەوەی ئەم بەشدارییە بەهێزتر دەکات، ئەوەیە کە بە پێی هەڵسەنگاندنەکان، زۆربەی بەشداربووان لە خودی بنکە جەماوەریی ناوچەییەکە بوون، نەک گواستنەوەی جەماوەر لە شوێنێکی دوورەوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ قووڵیی بنکەی جەماوەری و نیشاندەری پابەندبوونی بەهێزی جەماوەر بە دروشم و بەرنامەی پارتی لە ئاستی ناوچەییدا.
سەلمێنرا کە پارتی خاوەنی گەورەترین و چالاکترین جەماوەری ڕێکخراوەییە.
سەلماندنی پێگەی یەکەم لە عێراقدا
ئەم چالاکییە فراوان و پڕ جەماوەرانە، تەنها وەک بانگەشەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک پەیامێکی ڕوون سەیر دەکرێت کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پارتی دیموکراتی کوردستان نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی هەموو عێراق، خۆی وەک هێزی جەماوەری ژمارە یەک سەلماند و هیچ حزب و هاوپەیمانێتییەکی تر نەیتوانی بەشداری جەماوەری لەو ئاستەدا تۆمار بکات."
ئەم دەستکەوتە جەماوەرییەی پێش هەڵبژاردن، پێشبینییەکی ڕوونی بۆ ئەنجامەکانی ڕۆژی دەنگدان دروست کرد. چونکە توانای گەورەی جەماوەری بۆ کۆکردنەوە لە کەرنەڤاڵەکاندا، زۆرجار ڕاستەوخۆ هاوتایە لەگەڵ توانای جێبەجێکردنی پڕۆسەی دەنگدان و سەرخستنی کاندیدەکان. بەو پێیە، زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە پارتی توانیویەتی بەشێوەیەکی کاریگەرترین، هێزی خۆی نمایش بکات و پێگەی مێژوویی خۆی وەک حزبی یەکەم و گەورەترین هێزی جەماوەری لە عێراقی نوێدا بسەلمێنێت.