دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

کەى تاڵەبانی رێگەى هەولێر دەگرێتەوە بەر؟

هەرێم نیوز

لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى ساڵی پێشووى پەرلەمانى کوردستان کە هێشتا روداوگەلێکى بنچینەیی روویان نەدابوو سەرۆکی یەکێتی لە شۆی تایبەت بە خۆی و بە دەم مایک شکاندنەوە ژمارەیەکی زۆر بەڵێن و پەیمانى دایە دەنگدەرانى پارتەکەى و ئەوانیش بە دەم ژانى تاووتێی هەڵبژاردنەوە سەرمەستى کۆکردنەوەى دڵەشکاوەکانی پارتەکەى بوون، ئاخر هێندە نەبوو کە چووبووە بەردەرکەى بەشێکیى زۆر لە تێکۆشەرانى پارتەکەى و پەل و پۆی کردبوون کە دیارترینیان بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار، مەحموود سەنگاوى و شێخ جەعفەر و دەیان سەرکردەى سیاسی دیکە، بەڵام هەر ئەوەندەى هەڵبژاردن تەواو بوو ئەوەى توانییان کردیان، سەنگ  و دەنگی خۆیان بۆ دەرکەوت و بە ناچاریی کەوتنە بڕوبیانوو هێنانەوە و تا ئێستاش بەناوى داواکردنى پۆستى جۆراوجۆر رێگرن لە دامەزراندن و تەشکیلکردنى حکومەتى نوێ، ئەو دەیگوت "ئەگەر یەکێتى رازی نەبێت مەسرور بارزانی نابێتەوە مدیرعام" بەڵام وەک دەبینین ساڵێک تێپەڕێوە و نەک هەر کارەکانى سەرۆکوەزیران بەرەو پێشتر چووە، بەڵکو خواخواى ئەوەیانە مەوعێدێکیان بۆ دیاری بکرێت تا بە دیداری شاد بن، بایڵێن ئەو هەڵبژاردنە رۆشت و ئیستا نۆرەى عێراقە، پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ دەنگەکانى یەکێتى بەرەو کوێ مل دەنێت، لەکاتێکدا وێڕاى نەبوونى خزمەتگوزاریی و بەجێنەهێنانى بەڵێنەکانی پێشوو، هەموو فەرمانبەران هەژماری من یان پڕکردەوە، پەیوەندییەکانى نێوان سلێمانى و بەغداد کاڵ بوویەوە، خواستى دابەشکردنى هەرێمى کوردستان سەرى نەگرت، دەوامی قوتابخانەکان بە بێدەنگی بەڕێوە دەچن، کارەباى 24 کاتژمێریی بەرکارە، کارە خزمەتگوزارییەکان بەردەوامن، یەکێتى ملى بە سیاسەتەکانى تورکیا داو و لە کۆتاییدا فرۆکەخانەکەى کرایەوە و دەیان بابەتى تر کە هەمووى لەدژى دەوەستانەوە.

لە دواى هەڵبژاردنی ساڵی رابردووە تا ئێستا لە سلێمانى کۆمەڵە رودواوگەلێک هاتووەتە پێشەوە کە چاودێران پێیان وایە هێندەى تر یەکێتى بچووکتر دەکاتەوە، دەستگیرکردنى سێ سەرکردەى سێ پارتى جیاواز، دەستگیرکردنى رۆژنامەنووسان، دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی بازرگانەکاندا، سەرانە وەرگرتن لە سەرمایەدارەکان، کۆچکردنى بەشێکى زۆر لە سەرمایەدارەکان بەرەو هەولێر و دیارترینیان کارەساتى 22ـى ئابی ئەمساڵ کە  هەڵکوتانە سەر لالەزار و کوشت و بڕی ئامۆزاکانى خۆیان و دەیان خەڵکی بێ تاوان بوو، کە دیارترین و کارەسات بارترینیان سوتانى گەنجێکی ناوچەى سۆران بوو کە لەم رۆژانەى پێشوودا تەرمەکەیان رادەستکردەوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەى ئاگایان لە خودی کاندیدەکانى خۆشیان نەماوە، لە لایەکەوە یەکێکێان بڕوانامە تەزویر دەکات و لە لایەکی تریشەوە وەک خۆیان دەڵێن کوڕە جاش و موستەشار بەربژێر دەکەن، ئەگەر یەکێک تەنها کۆمێنتەکانى ئەو جۆرە لێدوانانە بخوێنێتەوە لەوە تێدەگات یەکێتی لەبەردەم چى دۆڕانێکى گەورەدایە، بەشێکی زۆری شرۆڤەکارانیش ئەوەیە پارتى لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین وەڵامی یەکێتى دایەوە و خۆی سەرقاڵی ئەوان نەکرد، چوون وەک سەرۆکی یەکێتى پێشتر گوتبووى گاڵتەیەکى خۆش بوو، بەهەر حاڵ زۆرینەى شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە یەکێتى لەدواى ئەم هەڵبژاردنەش جارێکی دیکە ملی رێگەى هەولێر دەگرێتەوە بەر و لە ژێر پاساوى جۆراوجۆردا دواى یەکهەڵوێستى لە پارتى دەکاتەوە، ئەمەش نەک بەو مانایەى کە خوازیاری دەستکەوتی زیاتر بێت  بۆکورد بەڵکو بۆ ئەوەیە کە لەو رەوتە دوانەکەوێت کە پارتى لە عێراق گرتویەتیە بەر و پارتەکانى سونە و شیعە بە بێ ئەو دەست بە ئاودا ناکەن. تەنها چاوەڕێی ئەو رۆژە دەکرێت کە چۆن و کەى ئەو سەردانە دەکرێت و لەوێش باس لەوە دەکرێت کە هەڵمەتێکی خۆشى هەڵبژاردنیان بەڕێوە بردووە و گاڵتەیان بە هەست و نەستى خەڵکی کوردستان و پارتەکەیان کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP