دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

لەنێوان "کردار و گوفتار" داهوشیاری دەنگدەران چارەنووسی لایەنەکان یەکلایی دەکەنەوە

هەرێم نیوز 

بەتەواوەتى لە کۆتا وادەکانى بانگەشەى کاندید و لایەنەکان نزیک دەبینەوە، لە ماوەی مانگێکدا ئەوەى توانرا لە نیشاندانی خود و پرۆژە و دونیابینییەکانى خرانە بەردەستى دەنگدەرانى عێراق وکوردستان، ئیتر ماوەتەوە ئەوەى بزانرێت خەڵک متمانەى زیاترى بە کێ هەیەو و کێی تریش متمنانە لەدەستدەدات، کێبەرکێکان لەنێوان 31 هاوپەیمانى 38 پارت و 75 لیستى تاکەکەسیدایە بۆ بەدەستهێنانى 319 کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق.
ئەوەى لەم ماوەیەدا رویدا بەتایبەتى لە کوردستان دەکرێت بگوترێت دابەشدەبێت بەسەر چەند تەوەرێکی سەرەکیدا، یەکێکیان ئەو لایەنانە بوون کە لەسەر روخاندنى ئەوانى تر و ناشیرینکردن و بەخشینەوەى هەواڵ و بابەتى ناڕاست دەیانەویست شکستى خۆیان و بەرنامەکەیان پڕبکەنەوەن، ئەوان لە رۆژانى ئاسایی پێش هەڵبژاردنەکاندا کارێکی ئەوتۆیان نەکردووە و لە رۆژانى هەڵبژاردندا بیریان کەوتووەتەوە کە شتێکی ئەوتۆیان نەچاندووە کە ئێستا رویى ئەوەیان هەبێت بیفرۆشنەوە بەخەڵک، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو پارت و لایەنانە لە خەمی هاووڵاتیان و خزمەتکردنیاندا نین، کە دەکرێت ئەم جۆر گوتارە لەو چوارچێوەیەدا کورت بکەینەوە کە یەکێتى نیشتمانى کوردستان و حاشییەکانی پەیڕەوى دەکەن، ئەوە سەرەڕای ئەو دۆخە ئەمنییانەى لە ناوچەکانى ژیر دەسەڵاتیدا رویانداوە بە دیاریکراوی دەستگیرکردنى سەرکردەى پارتە سیاسییەکان و هەڵکوتان  سەر ئامۆزاکەى خۆیان لە لالەزار .
بەشێکی دیکەى بانگەشەکان ئەو لایەنە (بەناو) ئۆپۆزسیۆنانەى کوردستان گرتوویانەتە بەر کە بە هەموو لایەکدا (شەلم کوێرم ناپاریزم) دا هاشاوڵ و هێرشیان دەستداوەتێ و بە بێ ئەوەى بڵێن ئێمە ئەمان کردووە یان ئەوە جێگە دەستەکەمانە، هەر خەریکی گوتاری پۆپۆلیستییانەى خۆیانن و بیریان چووەتەوە کە سەردەمی دروشمبازیی کۆتایی هاتووە و خەڵک لەوە هوشیارترە بەو جۆرە گوتارانە باوەڕیان پێبکات هەربۆیە خەڵک ئومێدیان لەسەر هەڵناچنێت، کە ئەمانەش لە(نەوەى نوێ و هەڵوێست و کۆمەڵ و یەکگرتوو)دا خۆیان دەبیننەوە. لە ماوەکانى رابوردووشدا دەنگدەری هوشیار وایکرد (گۆڕان) لەسەر گۆڕەپانى هەڵبژاردن بسڕێتەوە، لەبەر ئەوەى لەگەڵ دروشمەکانیدا نەدەهاتەوە.
هەرچى لایەنی سێیەمی بانگەشەکەیە کە (پارتى) نوێنەرایەتى دەکات بە نیشاندانى پرۆژەى خزمەتگوزارى بەردەست، بە هێنانەدی بەڵێن، بە هەنگاوى حکومەتداریی و دوربینى لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان توانیویەتى بە بێدەنگی و دوور لە هات و هاوار خۆی نیشانى دەنگدەرانی بدات و پێیان بڵێت ئەگەر ئێمە بیبەینەوە ئەوا ئەم کارانەتان بۆ دەکەین، تەنها ئەو کاتانە چووەتە نێو ململانێی بانگەشەى زبر کە پێویستى بە وەڵام بوبێت، بۆ نموونە کە هاتووەتە سەر دابینکردنى ئەمنیەت بە رستەیەک قسەى لەبارەوە کراوە، کاتێکیش باسی خزمەتگوزاریی کراوە گوتراوە ئێمە خەریکی کردنەوەى رێگە ستراتیژییەکانى کوردستان و ژێرخانی خزمەتگوزارین و (ئێوەش تیکتۆکێک) بکەنەوە.
گەرچى هێشتا بەتەواوەتی روون نییە ئەنجامەکانى هەڵبژاردن چۆن دەبێت بەڵام زۆرینەى رەهاى شرۆڤەکاران باوەڕیان وایە لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان لە سەر ئاستى کوردستان یەکەم و لەسەر ئاستى عێراقیش لە یەکەمەکان دەبێت، وەک بەرپرسانى بانگەشەش دووپاتیاندەکردەوە،شکستى ئەوانى بەرامبەر پارتى و سەرکەوتنى پرۆژەکانى زامنى بەدەستهێنانى زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ، دوا قسەش ئەوەیە شکاندنى قاچى ئەوانى دی ماناى ئەوە نییە کەخۆت بە جوانی دەچیت بەڕێگادا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP