هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ڕایگەیاند، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەنجامی سیاسەتەکانی ئیدارەکەی "زۆر لاواز" بووە و "لە پێناو مانەوەدا خەبات دەکات، نەک بۆ بەرنامە ئەتۆمیەکەی".
ترەمپ وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران سەردەمانێک هەوڵی زاڵبوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدا، بەڵام ئێستا “ئەو دەسەڵات و ڕێزەی کە ڕۆژانێک هەیبوو لەدەستی داوە”.
ترەمپ جەختی کردەوە کە لاوازبوونی ئێران ڕێگەی بۆ بەرەوپێشچوونی ڕێککەوتننامەی ئاشتی غەززە خۆش کردووه و ئاماژەی بەوەش کرد: ئەگەر ئێران هێشتا هێندە بەهێز بوایە، سعوودیە و وڵاتانی دیکە هەرگیز پشتیوانی ئەم ڕێکەوتنەیان نەدەکرد.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها وەبیری هێنایەوە کە کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسداران خاڵی دەستپێکی پڕۆسەی لاوازکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ دوای چەند ڕۆژێک هات کە خامنەیی گاڵتەی پێکرد.
ڕۆژی دووشەممە، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، گاڵتە بە بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە لەناوبردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و وتی: سەرۆک کۆماری ئەمریکا شانازی بەوە دەکات کە ئێمە پیشەسازی ئەتۆمی ئێرانمان بۆردومان کرد و لەناومان برد. با هەر لەو خەیاڵەدا بن!