دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

کورد لە بەردەم گۆڕانکارییە گەورەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا

هەرێم نیوز

کورد لە چوار ڕێیانێکى گەورە و گۆڕانکارییە خێراکانى ناوچەکەدایە و کارەکتەرێکى گرنگی نێو کایە سیاسییەکانیشە، رابوردووش شایەتى ئەو بارودۆخەیە، بەتایبەتى لەو پرسانەدا کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە.

ئێستا کورد لە چوارڕێیانێکى ستراتیژیی ئابوریی و سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشدایە، هەرچۆنێک حسابی بۆ دەکەیت پشکێکى بەردەکەوێت و کوردستان دەبێتە وێستگەیەکى ئەو پرۆژە ستراتیژییە دوور مەودایانە، ئەوانیش بریتین لە ڕێگەى گەشەپێدان کە عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەورووپاوە گرێدەدات و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە خواستێک هەیە بۆ ئەوەى کورد بەشێوەیەکی راستەوخۆ لێی سوودمەند نەبێت و دەسەڵاتدارانى هەرێمیش داوایانکردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بڕوات و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەش لێی سوودمەندبن، ئەمەش بابەتێکى گرنگە بۆ کورد و پێویستە کورد پێداگریی بکات لە بەدەستهێنانى ئەو ئیمتیازاتانەى کە رێگەکە دابینى دەکات.

هەرچى "رێگەى داوود"یشە کە بریتییە لە دروستکردنى ئیسرائیلى گەورە وەک لە ئینجیلدا ناوى هاتووە و لە نێوان روبارى فوراتى عێراق و نیلی میسردا بونیاد دەنرێت، لەم پرۆژەیەدا ئیسرائیل بە پشتگیری ئەمریكا بە دوای چەند ئامانجێكەوەن، كە لە گرنگترینیان بریتین لە داڕشتنەوەی حكومەتێكی بێهێزی نوێ‌ لە سوریا كە بە تەواوی بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەكە بپارێزێت، سوریا دابەش دەكات و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی نوێ لە باكور و رۆژئاواوە جیادەكاتەوە لە باشور و رۆژهەڵات، بە كۆنترۆڵكردنی دەروازەكانی سنوری عیراق و سوریا لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانیەوە راستەوخۆ هەموو پەیوەندییە وشكانییەكانی ئێران بە هاوپەیمانەكانیەوە لە سوریا و لوبنان دەبڕێت و ئەوەش پێ دەنێتە نێو رێگەى سێیەم کە رێگەى هیلالی شیعییەو لە ئێستادا تاڕادەیەکی زۆر کاڵبووەتەوە ، ئەویش لەتارانەوە دەستپێدەکات و بە رۆژهەڵات و باشوورو رۆژئاوای کوردستاندا تێدەپەڕێت و بەرەو بەیروت ملى رێگا دەگرێت، بەڵام لە دواى سەرهەڵدانى جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هەڵاتنى بەشار ئەسەد تا رادەیەکی زۆر ئەگەرى سەرکەوتنى ئەو رێگەیە داویەتییە کزیی بەڵام هێشتا لەمەترسیی بەدوور نییە بەتایبەتى بۆ کورد.

لە لایەکی ترەوە پرۆژەى (پشتێنە و ڕێگە)ى چین کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت، زیندوکردنەوەى ڕێگەى ئاوریشمى کۆنە بە شێوازێکى نوێ، کاریگەرى زۆرى لە سەرداهاتووى کوردستان دەبێت ، چونکە ئەم پڕۆژەیە کوردستان دەکاتە شار رێگایەک بۆ بەستنەوەى ڕێگا لاوەکییەکانى و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و رۆژهەڵاتى ئاسیاى ناوەڕاست بە دەروازە دەرییایەکانى هەڵکەوتوو لە سەر کەنداوى عەرەبی و دەریاى سپى ناوەڕاست، هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەکى ستراتیژى و گرنگ بایەخیکى گرنگى بۆ پرۆژەکە هەیە و کاڵا چینییەکان لە هەرێمى کوردستان لە ترۆقیدان و ئەوەش کاریگەریی لەسەر داهاتووى پەیوەندییە جۆراوجۆرەکان دادەنێت.

هەرچۆنێک بێت ئەو چوار ڕێگەیە بۆ کوردستان هەلێکی گرنگ و ستراتیژیی دوور مەودایە کە کورد ئەگەر بە چاوێکی پربایەخەوە سەیریان بکات و مامەڵەیەکی جدییان لەگەڵدا بکات داهاتوویەکی باشتر چاوەڕێی دەکات و پێچەوانەکەشى هەر راستە .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP