هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت بڵاویکردەوە، لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە بەرپرسێکی باڵای عێراق کردبوو کە ئاسانکاری لە دەروازەیەک لە ڕۆژئاوای عێراق دابین بکات بۆ گواستنەوەی بارێکی دارایی لە خاکی سوریاوە بۆ حرزبوڵڵای لوبنان، بەڵام ئەم داوایە قبوڵ نەکرا.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شەرق ئەلئەوسەت، ئەو بەرپرسە عێراقییە ڕایگەیاندووە، بەهۆی "ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و سیاسییەکانەوە"، لەوانەش چاودێریکردنی هەر جۆرە جموجۆڵێکی گوماناوی لەلایەن ئەمریکاوە، ڕازی نەبووە بە داواکەی حکومەتی ئێران بۆ ئاسانکاری بۆ پرۆسەی گواستنەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم داوایە لەلایەن "دامەزراوەیەکی پڕهەژموونی ئێران"ەوە کراوە کە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، بەرپرسیار بووە لە داڕشتنی پلانی جۆراوجۆر بۆ بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەکانی "بەرەی مقاوەمە".
بەرەی مقاوەمە، نازناوێکە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لە ناوچەکە، وەک جیهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا، هێزەکانی حەشدی شەعبی، حەماس و حوسییەکان بەکاری دەهێنن.
ڕۆڵی تۆڕەکانی قاچاخ لە سوریا لە گواستنەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا
شەرق ئەلئەوسەت لەدرێژەی لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویەتی کە لەم پەیامەدا لایەنی ئێرانی داوای دابینکردنی "ئاسانکاری تایبەت"ی کردووە بۆ گواستنەوەی باری دارایی لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئەلقائیم لەسەر سنووری عێراق و سووریا، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە "پارەیەکی یەکجار زۆرە".
ئەو بەرپرسە عێراقییە ئاماژەی بەوەشکرد، پرسیاری لە نێرەری پەیامەکە کردووە، ئەگەر سنووری عێراق ببەزێنن، چۆن پارەکە دەگوازرێتەوە بۆ خاکی سوریا. بە وتەی ناوبراو، لایەنی ئێرانی ڕوونی کردبووەوە کە ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی تۆڕەکانی قاچاخەوە کە لە سوریادا هەن ڕێکدەخرێت.
ئەم تۆڕانە کەسانی سەر بە حکومەتی بەشار ئەسەد و داعش و قاچاخچییە بەئەزموونەکان لەخۆدەگرن.
ئەو بەرپرسە عێراقییە بە هۆی هەستیاریی بابەتەکەوە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە گەورەترین پاڵپشتیکاری دارایی و چەکداریی حیزبوڵڵا دادەنرێت و دوای ئەوەی ئیسرائیل گورزی قورسی لەو گرووپە و دامەزراندنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل دا، هەوڵی زیندووکردنەوەی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەربازی و بنکەی کۆمەڵایەتیی حیزبوڵڵای داوە بە ناردنی هاوکاری دارایی.
هەوڵەکانی حیزبوڵڵا بۆ بنیاتنانەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی سەربازی
ئەشەرق ئەلئەوسەت نووسیویەتی، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، دەزگاکانی ئاسایشی سوریا و لوبنان چاودێری هەوڵەکانی تارانیان کردووە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بۆ حیزبوڵڵای لوبنان.
سەرەڕای شکستی ژمارەیەک ئۆپراسیۆنی قاچاخی لە سوریا و لوبنان، سەرچاوە مەیدانییەکان باس لەوە دەکەن کە بەشێک لەو هاوکارییە لە ڕێگەی تۆڕێکی قاچاخچییەوە گەیشتووەتە حیزبوڵڵا.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئێستا ئەمەریکا هەوڵدەدات بەدواداچوون بۆ ئەو ملیۆنان دۆلارە بکات کە لەڕێگەی تۆڕەکانی حەواڵەی تەقلیدی و هێڵی وشکانییەوە بۆ حیزبوڵڵا گواستراوەتەوە.
حیزبوڵڵا هەوڵدەدات کات بکڕێت لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی لوبنان و لایەنی ئەمریکی سەبارەت بە داماڵینی چەک، لە هەمان کاتدا بەدوای سەرچاوەی دارایی نوێدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی ناڕازیبوونی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی و دووبارە بنیاتنانەوەی توانای سەربازی خۆی.
ئێران، "شەڕی نوێ" و حیزبوڵڵا
شەرق ئەلئەوسەت بە پشت بەستن بە بەرپرسانی عێراق بڵاویکردەوە، ئێران کە خۆی بۆ "جەنگی نوێ" ئامادە دەکات، داوای لە فەرماندەکانی گروپە میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە عێراق کردووە بەدوای "شێوازی نوێ"دا بگەڕێن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هێزی حیزبوڵڵا.
بەرپرسێکی عێراقی لەو بارەیەوە وتی: هەڵەیە کە وا خەیاڵ بکەین ئێران بەبێ هێڵی بەرگری دوور و بەهێز لە ناوچەکە و بەتایبەت لە لوبنان بچێتە ناو شەڕی داهاتووەوە.
دەتوانرێت سەرنجی نوێبوونەوەی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە حیزبوڵڵا لە چوارچێوەی ئەو سنووردارکردنانەی کە ڕژێمی ئێران لە عێراقدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، شیکاری بکرێت.
زیادبوونی چاودێری و فشار لەسەر گروپە میلیشیا عێراقییەکان، لەگەڵ دوودڵییان لە بەشداریکردنی ئاشکرا لە "بەرەی مقاوەمە"دا، بە شێوەیەکی بەرچاو مەودای تارانی بۆ مانۆڕکردن لە بەغدا سنووردار کردووە.
یەکێک لە فەرماندەکانی گروپە شیعەکان دووپاتی کردەوە: "مەودای مانۆڕی ئێران لە بەغدا بەرتەسکتر بووەتەوە".