پێشەکییەکى هەر زۆر کورت:
هەندێک لە شرۆڤەکاران باس لەوە دەکەن ئەگەر لاپەرەکانى مێژووى کۆن و نوێ هەڵبدرێتەوە لاپەڕەیەکی نییە بەشێک لە کارەساتەکانى کوردى تێدا تۆمارنەکرابێت، بەجۆرێک ئەگەر کارەساتەکان لەمێژووەکەى بکەیتەوە شتێکی ئەوتۆی بۆ نامێنێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچى کورد نەیتوانییوە سوود لەو کارەساتانە وەربگرێت و بیکاتە دەستپێکى گۆرانکاریی گەورە، وەک ئەوەى شیعەکان کوژرانى ئیمام حوسەینیان قۆستووەتەوە و کردوویانەتە بابەتێکى گرنگی دنەدانی ویژدان و ئیمانى پەیرەوکەرانى ئەو ئاینزایە، ئەرمەنەکان جینۆسایدى دەستى دەوڵەتى عوسمانییان قۆستووەتە بۆ زیاتر دەستکەوتى سیاسی و پێگەى گرنگ لە تورکیا و تا ئێستاش جاروبار ئەو برینە دێرینەى 1915 بۆ 1923 دەهێننە سۆ، جووەکان کارەساتى هۆڵۆکەستیان قۆستوەتەوەو لەسەر ئەو بنەمایە دەوڵەتێکی نوێیان بۆ خۆیان چێکردووە، ژاپۆنییەکان کارەساتى هێرۆشیماو ناکازاکییان کردووەتە سیمبولێک بۆ پێشکەوتنە زانستى و تەکنۆلۆژییەکانیان.
کارەساتەکانى کورد هێشتا لۆکاڵین:
سەرەڕاى ئەو هەموو کارەسات و قەتڵ و عامەى بەسەر کورددا هاتووە بەڵام هێشتا نەیتوانییوە رەهەندێکی جیهانى پێببەخشێت و لەوێوە خۆی بە جیهان بناسێنێت و داواى قەرەبوو لە تاوانباران بکات و بیکاتە دەروازەیەک بۆ بەدەستهێنانى پشتیوانیی دۆزەکەى؟
کارەساتەکانى کورد هێندە زۆرن لە هەر لایەکەوە دەستى بۆ ببەیت کۆتاییان نایەت، با هەر باشوورى کوردستان وەبیر بهێنینەوە لەبەر ئەوەى هەلەکان زیاتر روویان لەو پارچەیە کردووە لەوانەش،
کارەساتى کوردانى فەیلیی:
کارەساتى کوردە فەیلییەکانى کۆتایی حەفتاکان و سەرەتاى هەشتاکانى رابووردوو کە هەزاران کەسیان ئاوارەى ئێران کران و سەدان کەسیان کوژران و شار بەردەرکران، بەڵام تا ئێستاش کێشەکانیان بە تەواوەتى چارەسەرنەکراوە، بەشێک لەوانە نە شناسنامەى ئێرانیان پێدەدرێت و نە عێراقیش وەک کارەساتبار مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، ئەوە لە کاتێکدا سەردەمانێک کوردانى فەیلى گەورە بازرگان و گەورە رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانى ناوبانگیان تێدا هەڵدەکەوت کەچى لە دواى 1991 یشەوە کورد نەیتوانیوە بە تەواوی سوود لەو کێشەیە وەربگرێت و بیکاتە دەستپێکێکی باش بۆ ئەوەى مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە و لەوێشەوە بەشێک لە کارەساتە گشتییەکە بە ناوەندە جیهانییەکان بناسێنێت و کێشەى کورد لە لۆکاڵی بوون قوتار بکات.
ئەنفال کارەساتە لە بیرنەکراوەکە:
لەبارەى ئەنفالەوە روبەرێکى زۆی لاپەڕەى رۆژنامەو گۆڤارەکان رەشکراونەتەوە، وێناى جۆراوجۆری کارەساتەکە چووەتە میدیا، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر ئەنفال بەراورد بکرێت بە هۆڵۆکۆست کامیان زۆریان بۆ کراوە، بەبڕواى شارەزایان دەبوو ساڵانە لە پایتەختە گەورەکانى دونیا ڤیستیڤاڵ و کۆڕو کۆبوونەوە زنجیرە فیلم و دەیان رێگەى تر بگیرایەتە بەر بۆ ئەوە بتوانرێت دۆسیەکە بکرێتە جیهانى، دۆسیەى 182 هەزار مرۆڤی کورد بکرایەتە دەستپێکیکى بەهێزى بەردەوامی بێ پسانەوە بۆ ئەوەى هەرچیی کراوە بگاتە مەنزڵ و لایەکیان بەلادا بکرێتەوە.
کیمیایی بارانى کوردستان:
بەدرێژایی مێژووى کورد لە باشوورى کوردستان چەکی قەدەغەکراوی بایۆلۆجی و کیمیاویی لە زۆر شوێنى کوردستان تاقیکراوەتەوە، بەتایبەتى لە میانى پرۆسەکانى ئەنفال، لە سێوسێنانى قەرەدەاغ، لە دۆڵی جافایەتى و بادینان، بەڵام هیچیان بە ئەندازەى کارەساتى 16ـى ئازارى 1988ـى هەڵەبجە نە کارەساتى نایەوە و نە ناوبانگی پەیداکرد، سەرەڕای ئەوەى دەبێت رۆڵی یەک دوو رۆژنامەنووسى جەنگیی ئیران لە بیرنەکرێت کە توانییان وێنەکانمان بۆ ئەرشیف بکەن، بەڵام تا ئێستاش ئەو کارەساتە جگە لە لاوانەوە و پیاهەڵدان و هەندێک کاری دیکە ، شتێکى ئەوتۆی بۆ نەکراوە بارتەقاى شەهیدبوونى پێنج هەزار کەس و برینداربوونى هەزارەکەسەکەى تر بێت، بە بڕواى شرۆڤەکاران کیمیایی بارانى هەڵەبجە بەهۆی دیکۆمێنتەکانیەوە لەبارتر و گونجاوترە بۆ ئەوەى کوردى لێوە بناسێنرێت و بەشێکى زۆری میدیاکانى جیهان و دەسەڵاتدارانیش پێیان گەشتووە بەڵام بۆ ئەوەى بزانین کاردانەوەکان لە چ ئاستێکدان لەم دواییانەدا بە تڕومنەت و بەرامبەرکردنەوە شیعەو سونەکانى عێراق رێگەیاندا ببێتە پارێزگای نۆزدەیەمی عێراق سەرەڕای هەموو تێبینییەکان، ئێستاش بە ژمارەیەک گەڕەکی ئەو شارەدا بڕۆ هێشتا بۆنی 1988 ـى لێدێت!!
روخاندنى گوندەکان:
دواى رێککەوتنى جەزائیری 1975ـى نێوان شاو سەدام بەناوبژیوانى هەوارى بۆمدینى سەۆککۆمارى ئەو وڵاتە لە پەراوێزی کۆبوونەوەى وڵاتانى ئۆپێکدا رێککەوتنێکیان واژۆکرد لەبارەى سنوورەکانەوە و تەوەری سەرەکیی تێیدا کورد بوو بە بێ ئەوەى بە وشەیەکش ناوى کورد بهێنرێت و رێککەوتنەکە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەى شۆڕشی کورد و دواتریش وێرانکردنى هەزاران گوند و چەندین شاروشارۆچکەى کوردستان و دروستبوونى دەیان ئۆردوگاى زۆرە ملێ کە تا ئێستاش ژمارەیەکیان هەرماون، ئەم کارەساتە وێڕاى گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتى و کاریگەرییە ژینگەییە کلتووریی و ژینگەییەکانى، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى کۆچى زۆرەملێ بە یەکێک لە بنەماکانى جینۆساید ئەژمار دەکرێت، کورد نەک هەر نەیتوانیوە ئەم دۆسیەیە بە زیندوویی بهێڵێتەوە بەڵکو هەر لە یادیش کراوە.
کوردانى ئێزدیی:
لەدوای هێرشەکانى داعش و پەلاماردانى ناوچەى نیشتەجێبوونى کوردانى ئێزدیی کارەساتێکى گەورەى ئاینیی و کلتوریی بەسەر ئەو ناوچەیەدا هات، وێڕاى وێرانکاریی و کوشتن و برین، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لەو ئێزدییانە دیارنین، بە تایبەتى ژنان و کچانیان کە بەمەبەستى "جیهادی نیکاح" و " سەوداى جەنگیی" مامەڵەیان پێوەکراوە، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆریان لەژێردەسەڵاتى واندا ماونەتەوە، هەرچەندە لەهۆی بوونى هێزی هاوپەیمانان و کاریگەرییەکانى میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەشێکى باش ئەو بابەتە چووەتە پێشەوە بەڵام هێشتا هەر لەچاو کارەساتەکەدا شتێکى ئەو تۆ نەکراوە.
پرسیارە گرنگەکە:
ئەمانە و چەندین کارەساتى دیکە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە : بۆچى کورد لە ماوەى 33 ساڵی رابو