دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

کۆمەڵکوژیی چییە و کێ یەکەمجار ئەو دەستەواژەیەى بەکارهێنا؟

هەرێم نیوز

زۆرجار دەستەواژەى "کۆمەڵکوژیی -جینۆساید" مان دەکەوێتە بەرگوێ و دەگوترێت فڵانە روداو جینۆسایدە و فڵانە لایەنیش کاری کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، بەڵام وردەکارییەکانى ئەو بابەتەمان بە تەواویی نەزانیوە، ئەم بابەتە هەوڵدەدات وەڵامێک بۆ هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە کە لە مێشکى هەر یەکێکماندا هەیە، کوردیش لەو بابەتە نەک هەر بێبەش نەبووە بەڵکو پشکی شێر بەرکەووتووە، 182 هەزار ئەنفال، پێنج هەزار شەهیدی کیمیاباران، روخاندنى زیاتر لە چوار هەزار گوند، وێرانکردن و راگواستنى چەندین شار و شارۆچکە، شێواندنى ژینگەى کوردستان و راگواستنى بەزۆر و کردنەوەى ئۆردوگاى زۆرە ملێ، لە نموونەى ئەو جینۆسایدانەن کە بەعس بەرامبەر بە کورد ئەنجامیداون تەنها لە ماوەى دەیەى 1978 تا 1988 دا.

جینۆسایدەکانى کورد: کورد لە سایەى حزبی بەعسى هەڵوەشاوەدا زۆرترین کارەساتى بەخۆیەوە دیوە، ئەنفال، کیمیاباران، راگواستنى بەزۆر، شێواندنى ژینگە و روخاندنى گوند و شارەکان نموونەى ئەو تاوانانەن کە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق کە لە 2005 دامەزراوە ئەو تاوانانەى وەک جینۆساید پەسەندکردووە، سەرەڕای ئەوەى لەسەر ئاستى ناوخۆی عێراقیش هیچ شتێکى ئەوتۆ بۆ کارەساتەکان نەکراوە و قەرەبووى مادى و مەعنەوى نەکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیش نەتوانراوە بکرێتە کەیسێکی نێودەوڵەتى وکورد وەک گەل و نەتەوەیەکی ستەملێکراوە بە جیهانییان بناسێرنرێت، هۆکارەکەى چییە و هەڵەکە لە کوێدایە و پاساوەکان چین ئەوە دەبێت وەڵام بدرێتەوە ، ئەوە لە کاتێکدا کە کورد لە ساڵى 1992ـەوە تا ئێستا خاوەنى حکومەت و پەرلەمان و دامەزاراوە دادوەریی خۆیەتی.

بۆچى کارەساتى غەزە بە جینۆساید ناودەبرێت؟ جەنگی غەزە کە لە 7ـى ئۆکتۆبەرى 2023ـەوە بەردەوامە تا ئێستا بووەتە یەکێک لە کێشە هەرە گەورە جیهانییەکان و تا ئێستاش ناوەندە جۆراو جۆرەکانى بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا جیهانى کردووە بە دوو بەشەوە، و ژمارەیەکی زۆریان دەڵێن بە گوێرەى یاسای نێودەوڵەتى کارەکانى ئیسرائیل بە گوێرەى یاساى نێودەوڵەتى بە تاوانى جەنگیی دێتە ئەژمار و تا سەرەتاى ئەم مانگە کوژراوانى سڤیل لە غەزە 61 هەزار کەسى تێپەڕاندووە. ئەوە لە کاتێکدا 1200 ئیسرائیلى کوژراون و 215 کەسیش بەبارمتەکراون و زۆرینەیان ئازادکراون و تەنها 50 کەسیان لاى بزووتنەوەى حەماس ماونەتەوە و لەو ژمارەش 30 کەسیان زیندوون.

لەکانوونى یەکەمی ساڵی 2023 ـەوە وڵاتى باشوورى ئەفریقیا لە دادگاى لاهاى نێودەوڵەتى سکاڵایەکی لە دژى ئیسرائیل تۆمارکردوو و رایگەیاند بە گوێرەى یاساى نێودەوڵەتى کە کۆربەندی گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەندیکردووە لە ساڵی 1948 و یەک مانگ دواى ئەوە دادگا بریارەکەى پەسەندکردوو بە تاوانى جینۆساید ناساندیی و ژمارەیەکی زۆریش لە وڵاتان داوایانکردووە لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیی کە کارەساتى غەزە بە جینۆساید بناسێنن، لەبەرامبەردا ئیسرائیل هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و بە بەرگریی لە خۆی ناوى دەهێنێت و ئەمریکاش پشتیوانى لە ئیسرائیل دەکات لەو بوارەدا.

بەڵام جینۆساید ماناى چییە؟ بەگوێرەى سەرچاوەکان بۆ یەکەمجار رافایڵ لیمکین پارێزەری پۆڵەندی لە ساڵی 1943 دەستەواژەکەى بەکارهێناوە، وشەکە لێکدراوى دوو بەشە و بنەچەکەى یۆنانییە، کە "جینۆ" واتەى رەگەز و بنەچە دەگەیەنێت و بەسى دووەمیش "ساید: بەماناى کوشتن دێت و پێکەوە واتای کوشتن لەسەر بنەماى رەگەز و بنەچە دێت.

پاڵنەرى سەرەکیش ئەو دۆخە ناهەمووارەبوو کە هیتلەر و دارودەستەکەى بەسەر خەڵکی جولەکە و قەرەچەکاندا هێنایان و بەشێک لە بنەماڵەکەشى لەو روداوانەدا تێداچوون" جگە لە خۆی و برایەکی کە دەربازیان بووە" کە دواتر بە "هۆڵۆکۆست" ناوى دەرکرد، یاساى جینۆسایدى نێودەوڵەتى لەساڵی 1948 لە لایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پەسەندکراو لە ساڵى 1951 چووە بوارى جێبەجێکردنەوە و تا ساڵى 2022 ژمارەى ئەو وڵاتانەى کە پەسەندیانکردووە گەشتووەتە 153 وڵات. چى بە جینۆساید دادەنرێت؟ بەگوێرەى بەندی دووەمی یاساکە " هەر کارێک بە مەبەستى تێکدان و کاولکاریی و ریشەکێشکردنى نەتەوە یان رەچەڵەک یان گروپ و شوێنێکى دیاریکراو ئەنجامبدرێت، کوشتنى بەکۆمەڵ، برسیکردنى بەکۆمەڵ، دروستکردنی کەشى برسیێتى و تینیۆێتى، رێگریکردنى لە نەوەخستنەوەى دەستەیەکی دیاریکراو یان نەزۆککردنیان، بردن و گواستنەوەى منداڵ لەگروپێکەوە بۆ گروپێکی تر بەمەبەستى سڕینەوەى مێشک یان رەگەزیان دەبێتە جینۆساید و یاساکە دەڵێت لەسەر ئەو وڵاتانەیە کە واژۆیانکردووە لە لاى خۆیانەوە سزا بەسەر ئەنجامدەرەکانیدا بسەپێنن و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەرکەکەى سپاردووە بە دادگای نێودەوڵەتى.

جینۆسایدە پەسەندکراوەکان: هۆڵۆکۆست 1943- 1945ـ کۆمەڵکوژیی روەندا 1994، کوشتاری بەکۆمەڵی سیربرینستا 1995، هێرشى خەمیرە سوورەکان بۆ سەر کەمینەکانی کەمبۆدیا 1975 تا 1979، لە نموونەى ئەو جینۆسایدە نێودەوڵەتییانەن کە تا ئێستا پەسەندی کردوون، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک داواکاریی هەیە کە هێشتا بڕیاریان لە بارەوە نەدراوە، لەوانەش کوشتارى ئەرمەنەکان 1915، کێشەى شەڕی میانمار 2017، سکاڵای ئۆکراین لە دژى روسیا 2022 و چەند کێشەیەکی تر.

رەخنە لە جێبەجێکردنى یاساکە: هەندێک لە شارەزایانى بوارەکە پێیان وایە بۆ سەلماندنی بابەتەکە رەهەندی زۆر دەستێوەردان دەکات، هەندێکجار کاتى زۆری دەوێت، هەندێجاری دیکە زلهێزەکان رێگریی دەکەن لە جێبەجێکردنی، هەر بۆ نموونە کێشەى ئەرمەن تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە، دواى 10 ساڵ جینۆسایدى روەندا کارەکانى تەواو بوون، برسیکردنى گەلى ئۆکراینى لە سەر دەمی ستالین تا ئێستاش دانى پێدا نەنراوە، کوشتاری سربییەکان بۆ ناوچەى سیربرینستاى بۆسنە لە 1995 رویدا و لە 2007 کێشەکەى کۆتایی هات.

چارەنووسى تاوانبارانى جینۆساید: راشیڵ بیرنز، توێژەری بوارى تاوان لە زانکۆی یورک دەڵێت ژمارەیەکى ئێجگار کەم لە تاوانباران سزاى ئەنجامدانى تاوانەکانیان وەردەگرن، ئەو وڵاتانەش کە واژۆی یاساکەیان کردووە مکوڕنین لە سەر جێبەجێکردنى، هەندێکجار پاساویان بۆ دەهێنرێتەوە، پەنا دەدرێن و لەبەرچاوان ونیان دەکەن، بۆ ئەوەى سزا نەدرێن، هەربۆنموونە تاوانبارانى روەندا، سبربرینستا هیچ سزایەکیان وەرنەگرتووە، وەک ئەو دەڵێت یاساکە کون و کەلەبەرى واى تێدایە کە دەکرێت تاوانباران خۆیان لە سزاکان بشاردرێنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP