دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل شەرعییەتی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەستدەکەوێت

هەرێم نیوز

تۆڕی فەرەنسی "فرانس 24" لە شیکردنەوەیەکدا بۆ دەرئەنجامەکانی چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران، لە زاری هەندێک لە شرۆڤەکارانی فەرەنسییەوە ڕایگەیاندووە کە ئەم چالاککردنەوەی سزایانە ئێران دەخاتە "پێگەی تۆمەتبارێکی نێودەوڵەتی" لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش دەتوانێت "شەرعیەت بە هێرشێکی نوێی ئیسرائیل بدات".

تیێری کۆڤیل، لێکۆڵەر لە ئینستیتیوتی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیجیەکان لە پاریس، بە "فرانس 24"ی ڕاگەیاندووە، ئەگەری گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران نیگەرانی دروستکردووە کە ئەم دابڕانە دیپلۆماسییەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دەرەوەی خۆی دەتوانێت شەرعیەت بدات بە هێرشێکی نوێی ئیسرائیل.

دەشڵێت: لە لایەکی دیکەوە گەلی ئێران زۆر نیگەرانن، بە تایبەت لە چالاکییە ئابوورییەکانی وڵات کە بە کردەوە لە دۆخی داخستندایە.

دوای ڕاگەیاندنی چالاککردنی پرۆسەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتی ئەوروپی سویسرا، بەهای تمەنی ئێران گەیشتە نزمترین ئاستی لە مێژوودا، بەجۆرێک هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی کراوەی تاراندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.

فڕانس 24 نووسیویەتی ژیانی ڕۆژانەی ئێرانییەکانیش تادێت ناجێگیرتر دەردەکەون، چونکە وڵاتەکە لەگەڵ کەمیی ئاو و کارەبادا دەجەنگێت و ئاگربەستی ناسک لەگەڵ ئیسرائیل کە دوای بۆردومانە دڕندەکانی "جەنگی ١٢ ڕۆژە" دامەزرا، هێشتا جێگەی نیگەرانی قووڵە.

"ئەگەر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەموو ئەم هۆکارانە زیاد بکرێن، دۆخەکە بەردەوام خراپتر دەبێت، ئەمەش نیگەرانییەکی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە".

هەروەها دەیڤید ڕیگۆلێت ڕۆز، سەرنووسەری گۆڤارێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (ئۆرینتس ستراتێجیز) بە ئەم دەزگای میدیایی ڕاگەیاندووە: سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەهەندێکی یاسای نێودەوڵەتییان هەیە لە کاتێکدا سزاکانی ئەمریکا ئەو ڕەهەندەی بەکەمتر هەیە.

پێشتر گۆڤاری ئاسایشی نەتەوەیی لە شیکارییەکدا بە ئاماژەدان بە ئەگەری چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە دژی ئێران نووسیبووی: "ئەگەر چالاک بکرێت، ئێران ڕووبەڕووی دابڕانی دارایی و دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی نەوت دەبێتەوە و وەبەرهێنانی دەرەکیش ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی جیددی دەبێتەوە".

گۆڤارەکە کە شیکارییەکانی بەرگری و ئەمنیەتی بڵاودەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوروپا وادەی کورتی بۆ گەڕانەوەی حکومەتی ئێران بۆ دانوستانەکان دیاریکردووە و تەنانەت پێشنیاری درێژکردنەوەی سنوورداری کردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە تا ئێستا وەڵامی تارانیان پێنەگەیشتووە.

ڕاپۆرتی میدیای فەرەنسی لەبارەی شەرعیەتدان بە ئەگەری هێرشی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کاتێکدایە کە پێشتر و هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی وڵاتانی ئەوروپایی بۆ چالاککردنی سزاکان، بەرپرسێکی باڵای ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی هۆشداری دا کە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەگەری هەیە "حکومەتی ئێران مانەوەی بکەوێتە مەترسییەوە."

پێشتریش وەزارەتی ئیتلاعات لە نامەیەکی نهێنیدا، هۆشداری دابوو بە وەزارەتەکان و کۆمپانیا گەورەکان بەوەی کە دەرئەنجامەکانی چالاککردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە هۆی وەستانی فرۆشتنی نەوتی ئێران و قەیرانی گەورەی ئابووری و ئەمنی و زیادبوونی بێکاری و پەرەسەندنی ناڕەزایی کۆمەڵایەتی لەو وڵاتە.

وادەردەکەوێت نەک هەر ئیرادەیەک لە حوکمڕانید ئێراندا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو بڕیارەکانی عەلی خامنەیی، فەرماندەکانی سوپای پاسداران و حکومەتی ژێر فەرماندەیی ئەوان ڕێگایەکیان داڕشتووە کە بە بڕوای زۆربەی شرۆڤەکاران، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان و مەترسی شەڕی نوێ.

تەنانەت دەزگا میدیاییەکانی سەر بە ئۆفیسی خامنەیی و سوپای پاسداران بە ئاشکرا باس لە ئەگەری زۆری شەڕ دەکەن.

ڕۆژنامەی کەیهان نووسیویەتی کە بارودۆخی وڵات ئاسایی نییە و لە هەر ساتێکدا شەڕ ڕوودەدات.

هەروەها ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری سەربازی خامنەیی ڕایگەیاندووە کە “جەنگێکی دیکە لە ئارادایە”.

ڕۆژنامەی جەوانی سەر بە سوپای پاسداران هۆشداری داوە لەوەی کە دەبێت هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بە جددی وەربگیرێت.

ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و لە لوتکەی گرژی لەگەڵ ئەوروپا و لە ناکۆکییەکی زارەکی و کردەیی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە لێواری شەڕدایە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا.

باڵوێزخانەکانی ئەوروپا له تاران، ئاستی چالاکییەکانیان دادەخەن یان کەم دەکەنەوه .

لە ئەگەری دووبارە سەپاندنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران بە فەرمی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەناسێنرێت و هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە سزاکانی سەر تاران جێبەجێ بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP