دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ژمارەی برینداران لە ئاگرەکەی پێنجوێن بەرزبۆوە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا ئاگرەکەی پێنجوێن کۆنترۆڵ نەکراوە و بەهۆیەوە سێ کەس بریندارن کە یەکێکیان بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێنە.

رۆژی شەممە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە؛ "ئاگرەکەی سنووری قەزای پێنجوێن تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە و چەند گوندێکی وەک؛هەڵاڵاوا، مەسۆ، کێلو، نزارە و دەرەگورگانی گرتۆتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی؛ لەگەڵ دەستپێکی ئاگرەکە سەرجەم هێزەکانی پۆلیسی دارستانی پارێزگای سلێمانی لە شوێنەکە ئامادەبوون و هاوشانی ئێمە تیمەکانی بەرگری شارستانی، تیمی خۆبەخش ڕێکخراوی ملەکەوە و گوندنشینان، بەوپەڕی دڵسۆزی تا ئەم ساتە بەشدارن لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەشڵیت؛ بەهۆی ئاگەکەوە تاوەکو ئێستا دوو خۆبەخش و بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن بریندار بوون و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە بەهۆی سەختی ناوچەکە و مەترسی هەبوونی مین، کاری تیمەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بووە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی باس لەوەش دەکات، لە ئێستادا کەسێک بەتۆمەتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP