هەرێم نیوز
ئاژانسی فرانس پرێس، بڵاویكردەوە، نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەری کورد و حکومەتی سوریا لە دیمەشق بۆ درێژەدان بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان هەردوولا کۆبوونەتەوە، دەشڵێت، رۆژئاوا و دیمەشق بەردەوامیی دانوستانیان بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی 8ی 2025، فرانس پرێس لەزارى سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە لەنێوان ئیلهام ئەحمەد و ئەسعەد شەیبانی وەزیرى دەرەوەى سوریا ئێوارەی دووشەممە بەڕێوەچووەو کۆبوونەوەکەش لەسەر داوای دیمەشق بووە.
بەپێ ئاژانسەکە، کە لەسەرچاوەیەکى کوردەوە وەریگرتوە، دەڵێت: ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی گفتوگۆیان لەبارەی داڕشتەیەکی گونجاوی لامەرکەزی کردووەو هەردوولا رێککەوتوون لەسەر دوورخستنەوەی بژاردەی سەربازی.
هەروەها رۆژئاوا و دیمەشق بەردەوامیی دانوستانیان بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی دووپاتکردووەتەوە.
کۆبوونەوەکە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی خۆسەری کورد ڕۆژی هەینی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی بێ وێنەی لە شاری حەسەکە ئەنجامدا، کە بۆ یەکەمجار نوێنەری کەمینەکانی دروز و عەلەوی لەخۆگرتبوو. لە بەیاننامەی کۆتاییدا، ئامادەبووان داوای دەستوورێکیان کرد کە "دەوڵەتێکی لامەرکەزی دامەزرێنێت".
دیمەشق ڕەخنەی لە کۆبوونەوەکە گرت و بە "تێکدانی پڕۆسەی دیالۆگ"ی زانی و بایکۆتکردنی "هەر کۆبوونەوەیەک کە بڕیارە لە پاریس ئەنجام بدرێت" ڕاگەیاند، کە پێشەنگی هەوڵەکانی نێوەندگیری نێوان هەردوولا لەگەڵ واشنتۆنە.
سەرچاوەیەکی حکومەتی سوریا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە دیدارەکەی نێوان ئیلهام ئەحمەد و شەیبانی ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
بڕیاربوو ناوەڕاستی ئەم مانگە هەردوولا لە پاریس کۆببنەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی وەزیرانی دەرەوەی سوریا و فەرەنسا و نوێنەری ئەمریکا لە دیمەشق. ئەم ڕێککەوتنە دوای کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی ڕابردوو لە پاریس هات بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی دوو قۆڵی کە لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرا سەرۆک کۆماری سوریا و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ی ئازار بە سەرپەرشتی ئەمریکا واژۆ کرابوو.