هەرێم نیوز
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: عێڕاق بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییە و پێویستە هەمان رێچکەی هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر، بە هاندانی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانە، کۆنترۆڵکردنی خواست و دانانی نرخە نوێکانی کارەبا، دەشڵێت: ئامادەین بۆ هاوكاریكردن.
عەزیز ئەحمەد لە تۆڕی "ئێكس" نووسیویەتی: جگە لە هەرێمی کوردستان، کارەبای تەواوی عێڕاق کوژاوەتەوە، لە داهاتووشدا ئەم کێشەیە لە عێڕاق بەردەوام دەبێت تاوەکو چارەسەری ریشەیی کێشەکانی خواست و بەڕێوەبردنی باری کارەبا و بەفیڕۆچوونی کارەبا نەکرێت.
دەشڵێت: پڕۆژەی رووناکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی ئەمە چارەسەر بکات، بە هاندانی هاوڵاتیان بۆ بەکارهێنانی بەرپرسیارانە، کۆنترۆڵکردنی خواست و دانانی نرخە نوێکانی کارەبا.
باس لەوەش دەکات: عێراق بژاردەیەکی تری لەبەردەمدا نییەو پێویستە هەمان رێچکەی هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر، ئامادەین هاوکاربین لە چارەسەرکردنی ئەم کێشە درێژخایەنە، وەک چۆن ئێستا لە هەرێمی کوردستان چارەسەرمان کردووە.
وتیشی: وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پاڵپشتیکردن و یارمەتیدانیان لەڕووی هونەرییەوە بۆ ئەوەی بەزووترین کات کارەبا بگەڕێننەوە.