دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرچاوەیەک لە حکومەتی سوریا: شاندێكی رۆژئاوای كوردستان لە دیمەشقە

هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە حکومەتی سوریا رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو، شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی سوریا، گەیشتووەتە دیمەشقی پایتەخت.
ئەو سەرچاوەیە، لە لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵی "الجزیرە" ئاماژەی بەوەکردووە: گەڕی نوێی دانوستانەکان درێژەپێدەری رێککەوتنەکەی (١٠)ی ئازارە، کە ئەحمەد شەرع، سەرۆک راگوزەری سوریا لەگەڵ مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات واژۆی کرد.

ئەم وتووێژانە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت، حکومەتی سوریا کشانەوەی خۆی لە دانوستانەکانی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاند، کە بڕیاربوو لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەكانی رۆژئاوای كوردستان، شاندەكە بە سەرۆكایەتی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیداری خۆسەرە، بەڵام هیچ وردەكارییەك لەبارەی ئەنجامدانی ئەو سەردانە كتوپڕە نەزانراوە، بەتایبەت كە چەند رۆژێكە نێوانى هێزەكانی سوریای سوریای دیموكرات و گروپە چەكدارەكانی سەربە حكومەتی سوریا ،لەناوچەیەكی بەریەككەوتن ئاڵۆزی و بەریەككەوتنی بچڕپچڕی بەخۆوە بینیوە.

سەرچاوەكەی حكومەتی سوریا راشیگەیاندووە: حکومەتی سوریا دان بە مافی هاوڵاتیاندا دەنێت بۆ کۆبونەوەی ئاشتیانە و گفتوگۆی بونیادنەر، جا لە ناوچەکانی خۆیان بێت یان لەسەر ئاستی نیشتمانی.

دەشڵێت: مافێکی پارێزراوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستەبەرکراوەو هاندەدرێت، بەمەرجێک لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی كۆكەرەوەدا بێت، لە بازنەی یەکگرتوویی خاک و گەل و سەروەری سوریا بێت.

جەختیشكردووە: گروپە ئاینییەکان یان نەتەوەییەکان مافی تەواویان هەیە بۆ دەربڕینی بۆچونە سیاسییەکانیان، ئەنجامدانی کۆبونەوە و دامەزراندنی حزب لە چوارچێوەی یاسایی نیشتمانیدا، بەو مەرجەی چالاکییەکانیان ئاشتیانە بن و چەک دژی دەوڵەت هەڵنەگرن، دیدگای خۆیان بەسەر فۆرمی دەوڵەتی سوریادا نەسەپێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP