هەرێم نیوز
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت، کە بەردەوامیی بایکۆتی ڕەوتی نیشتمانیی شیعی بۆ پرۆسەی سیاسی “زۆرێک لە هاوکێشەکان دەگۆڕێت” و پێشبینی کرد کە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ هەموو لایەنەکان قورسترین بێت.
زێباری لە میانی میانداریکردنیدا لە بەرنامەی “من الآخر” لە کەناڵی “السومریة”، ڕایگەیاندووە: “حکومەت توانیویەتی جۆرێک لە سەقامگیری و جێگیری لە عێراقدا بپارێزێت، سەرەڕای ڕووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییە”.
هۆشیار زێباری، رایدەگەیاند: بەڵێنی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بە سودانی نادەینەوە، حكومەتەكەی نا مرۆڤانە مامەڵەی كرد لەگەڵ موچەخۆران، ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو فەتاح فاڵ نیە، بەڵام هەموو خوێندەوەكان بۆ ئەوە راماندەكێشن كە مانگی ئەیلولی داهاتوو، روبەڕوبونەوەكان جارێكی لەناوچەكە سەرهەڵدەدەنەوەو، كارگەریشی لەسەر هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبێت.
زێباری لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا راگەیاند: كردنە ئامانجی هەرێمی كوردستان بە فرۆكەی بێفرۆكەوان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبیەوە ئەنجامدراوە، لەوانە، ناوچەی حەزەر لە نەینەواو رەشاد لە کەرکوک، بارەگای گروپە چەدارەكان كە دەکەوێتە نزیک بارەگاکانی حکومەت لە ناوچەی سەوز لە بەغداد، هێرشەکانیش لەلایەن چەند گروپێكەوە ئەنجامدراوە، نەک تەنها یەک گروپ.
وتیشی: هەرێمی کوردستان تا ئێستا هیچ لایەنێکی دیاریکراوی بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار نەکردووە، چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو بەدواداچونانە دەکەین کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن.
قاسم عەرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە سەردانی کوردستانی کرد، لە ناوچە بە ئامانجگیراوەكان ئاگاداركرایەوە، لەگەڵ پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و جۆرەکانیان و شوێنی دروستیكردنیان.
باسی لەوەشكرد: جۆری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان گۆڕدراون بۆ شێواندنی شوێنپێ هەڵگرتنی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە، بەڵام ئەوان زانیاریمان هەیە لەسەر ئەو لایەنانە، بە ناوی كەسەكانیشەوە.
زێباری لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەكرد: چەند چیرۆکێکی سەیر دەرکەوتوون، گوایە ئیسرائیل و ئەمریکا کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانیان کردۆتە ئامانج، باشە کێ رادارەکانی بەغدادو زیقاری کردە ئامانج؟ پێموایە ئەمە هەوڵێکە بۆ سەلماندنی خۆیان لە دوای شەڕی 12 رۆژەو قەرەبووکردنەوەی تێكشكانەكان.
زێباری راشیگەیاند: ئەوەی روویدا یاریکردن بوو بە ئاگر لە قۆناغێکی ئاڵۆزدا، كە ناوچەکەش بە گێژاودا تێدەپەڕێت، لاپەڕەی یەکەمی گرژیی ناوچەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئاماژەکانی تەقینەوەیەکی نوێ ئامادەن.
سەبارەت بە نامەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی یاسای حەشدی شەعبیش زێباری وتی: نامەکەی روبیۆ گەیشتە هەموو لایەک، نوسراو بوو بۆ ئەوەی هیچ لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ نەکرێت، ئەوان دژی یاساكەن لە پەرلەمان، و ئەو پرسە ئاڵۆزە، حکومەتی عێراقیش هەوڵی بەدەستهێنانی دەرفەت دەدات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەڵبژاردنەکان نزیکبوونەتەوەو هەوڵی دواخستنی دەدات بۆ دوای هەڵبژاردن، بەڵام خوێندنەوەو تۆنی ئەمریکی ئەمە بە دەستی دەستی لێکدەداتەوە و، دەستیکردووە بە هەڕەشەکردن بە سەپاندنی سزا، بە ناوهێنان، بەسەر چ حزب و چ تاکەکان.
سەبارەت بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنیش لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، زێباری وتویەتی: من فەتاح فاڵ نیم، بەڵام دەبینین کە لێكەوتەكانی شەڕی 12 رۆژە کۆتایی نەهاتووەو ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا روودەدات، بەرەو ئەو خوێندەوەیەمان دەبات كە ئەیلولی داهاتوو روبەڕوبونەوەكان جارێكی تر سەرهەڵدەدەنەوە، رەنگە کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هەبێت.
لەبارەی كێشەكانی هەرێم و بەغدادیش رایگەیاند: حکومەتەکەی سودانی، بەشێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ فەرمانبەرانی هەرێمدا کردووە، هەندێکجاریش هەندێک لە سیاسەتمەدارانی بەغداد پێمان دەڵێن: "بڕۆن، ئێمە ئێوەمان ناوێت.
جەختیشكرد: سودانی هەوڵی داوە بە نیازێکی راستگۆیانە کار بکات، بەڵام بە پشت بەستن بە ئەزموونی کردەییمان لەگەڵیدا، بەتایبەت كە ئێمە ئەو لایەنەین کە زۆرترین پشتیوانیمان لێکردووە، جارێكی تر چەکی سپی نادەینەوە دەست، چونکە ئەوە پرسێکی قورسە، بەڵێنی خولی دووەمی سەرۆكایەتی پێنادەینەوە.