هەرێم نیوز
پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، كاركردن لە پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی، بە باشترین شێوە و كوالێتیی بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕواندەکرێت لە كۆتایی مانگی 11ـی ئەمساڵ پرۆژەکە تەواو بکرێت.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پرۆژەی دووسایدی (گۆمەسپان - سماقوڵی) لە چوارچێوەی گەشەپێدانی بەنداوی گۆمەسپان وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجیی گەشتیاری و پەرەپێدانی ئابووری بە گوژمەی 210 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای "هێمن گرووپ" دەست بەجێبەجێکردنی کراوە.
ڕوونیشی کردەوە، پرۆژەکە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەیەكەوە دەبەستێتەوە و شەقامی دەوروبەری بەنداوەكەش دەگرێتەوە، درێژی شەقامەکەش 22 كیلۆمەترە و 6 ژێرپرد و 3 بەرزەپرد لە خۆی دەگرێت.
پرۆژەکە بە دوو هەزار کرێکار و 600 ئامێری ڕێگەوبان بە دوو شەفت کاری تێدا دەکرێت، دوو سایدە و پانیی هەر سایدێکی 10 مەترە، جووت سایدەکە، ڕێگەکانی هەولێر، گۆمەسپان، سماقوڵی، سەفین، ڕانیە، قەڵادزێ و سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە، بە تەواوبوونی، کارئاسانیی زۆر بۆ هاتوچۆی دانیشتوانی دەیان گوندی سنوورەکەش دەکات.