هەرێم نیوز
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی عێراق به‌رده‌وامن، دەشڵێت، ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوو تیروپشك بۆ ناوی قه‌واره و كاندیده سه‌ربه‌خۆكان ده‌كرێت.
خالید عه‌باس، به‌رپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، بە میدیای فەرمی پارتی راگەیاندووە، "ئاماده‌كارییه‌كان به‌رده‌وامن بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراق و له ئێستادا قۆناغی كۆتایی په‌سه‌ندكردنی ناوی كاندیده‌كان به‌ڕێوه ده‌چێت، ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووش 2025/ 8/9 تیروپشك بۆ قه‌واره سیاسییه‌كان و كاندیدانی سه‌ربه‌خۆ ده‌كرێت و هه‌ر قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆ ژماره‌یه‌كی پێده‌درێت.
به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمسیۆن وتیشی، "ڕۆژی دواتر هه‌ڵبژاردنی ئه‌زموونی به‌ڕێوه ده‌چێت به مه‌به‌ستی دڵنیابوون له‌و ئامێرانه‌ی له ڕۆژی ده‌نگداندا به‌كار دێن، له دهۆك 42 وێستگه‌ی ده‌نگدان ده‌بێت و بنكه‌یه‌كیش له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پۆلیسی دهۆك ده‌بێت، له ڕێگه‌ی دوو ئامێره‌وه فه‌رمانبه‌رانی ئێمه ده‌نگ له‌و وێستگانه ده‌ده‌ن به شێوه‌ی ئه‌زموونی تا بزانین چ كێشه‌یه‌كیان هه‌یه و دڵنیا بین بۆ ڕۆژی ده‌نگدان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "له ڕێگه‌ی چه‌ندین خولە‌وه ڕاهێنان به فه‌رمانبه‌رانی كۆمسیۆن كراوه و له چه‌ند ڕۆژی داهاتووشدا تیروپشك بۆ ناوی كارمه‌ندانی سه‌ر سندووقی ده‌نگدان ده‌كرێت، تا ئه‌وانیش به‌شدار بن له خولی ڕاهێنان و ته‌نیا له پارێزگای دهۆك بۆ ڕۆژی ده‌نگدان ئێمه پێویستمان به 10 هه‌زار كارمه‌نده.