دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل زۆرینەی ستافە دیپۆماسییەکانی لە ئیمارات کشاندەوە و دەڵێت هەڕەشەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیان لەسەرە

هەرێم نیوز

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بەشێکی زۆری ستافی دیپلۆماسی لە ئیمارات دەکشێنێتەوە. ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل هۆشداریی گەشتی بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیلی بۆ ئەو وڵاتە توندتر کردووە.

دوێنێ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دایە هاووڵاتیانی ئیسرائیلی لە گەشتکردن بۆ ئیمارات. لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیدا هاتووە: ئێمە جەخت لەسەر گرنگی ئەم هۆشدارییە دەکەینەوە، بەو پێیەی زانیومانە "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" لەوانەش ئەوانەی سەر بە حکومەتی ئێران، حەماس، حیزبوڵڵا و جیهادی جیهانین، هەوڵەکانیان بۆ زیانگەیاندن بە ئیسرائیل زیاتر کردووە.

ئەنجومەنەکە هۆشداری داوە لەوەی کە ڕەنگە ئیسرائیلییەکان و جولەکەکان لە ئیمارات بکرێنە ئامانج، بەتایبەتی لە جەژنە ئایینییە جولەکەکاندا.

پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات لە ساڵی 2020 بە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا بە فەرمی کرا. ئیمارات یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو لە ماوەی سێ دەیەدا کە پەیوەندییەکی لەو شێوەیەی لەگەڵ ئیسرائیل دامەزراند. لەو کاتەوە کۆمەڵگەی جولەکە و ئیسرائیلی لە ئیمارات زیاتر بەرچاو و ئاشکرا بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات تا ئێستا وەڵامی ئەو هۆشدارییەی نەداوەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP