هەرێم نیوز
ڕۆژنامەیەكی توركیا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی بڕیارێكی دادگای دەستوری توركیادا، 200 حوکمدراوی پەکەکە لەلایەن دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکرەوە لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردودا ئازاكراون.
ڕۆژنامەی سۆزجوی توركی، ئەمڕۆ دوشەممە لە مانشێتی سەرەكی ڕۆژنامەكە بە گەورەیی بڵاویكردەوە، دادگای سزا قورسەکانی دیاربەکر لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردودا، جێبەجێکردنی سزای زیاتر لە 200 حوکمدراوی پەکەکەیان ڕاگرت و ئازادیان کردن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئازاكردنی ئەو دەستگیركراوانە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای دەستوری توركیادا بوە، دوای نمایشە ڕەمزییەكە پەكەكە دادگاریی ئامەد دەوامی زیادكردوە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی ئەو زیندانیانە.
ئەوە لەكاتێكدایە لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوە پرۆسەی نوێ دانوستان لە نێوان كورد و دەسەڵاتدارانی توركیا دەستیپێكردوە، كە كورد بە "پڕۆسەی ئاشتی "ناوی دەبات و دەسەڵاتدارانی توركیاش دەڵێن، "پڕۆسەی توركیای دور لە تیرۆرە".
لە 27ـی (شوبات/2)ـی ئەمساڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە پەیامێكدا داوای هەنگاونان بۆ دیموكراتی و چەكدادانانی لە پەكەكە كرد، ئەو پارتەش لە وەڵامدا كۆنگرەی بەست و ڕایگهیاند، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێكخراوەیی پهكهكه و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دراوە.
بۆ بەرەوپێشچونی پڕۆسەكەش، ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە بهئامادهبونی زیاتر له 300 كهس و له ئهشكهوتی جاسهنهی سنوری پارێزگای سلێمانی، لهمهراسیمێكی ڕەمزیدا گروپێكی گەریلاكانی پەكەكە كە لە 30 كەس پێكهاتبون، چەكەكانیان لەناوبرد.