دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 پێش 4 هەفتە

ئاماری نوێی تای خوێنبەربوون بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی تەندروستی عێراق دوایین نوێکاری لەبارەی دۆخی تای خوێنبەربون لە سەرتاسەری وڵات ڕایدەگەیەنێت، کە دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و 16 توشبوی پشتڕاستکردەوە، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، کۆی گشتی توشبون بە ڤایرۆسەکە لە ساڵی 2025ەوە 231 حاڵەتی پشتڕاستکراوە بوه‌، لەنێویاندا 30 حاڵەتی مردن.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا باڵاویکردەوە "دوایین نوێکاری سەبارەت بە توشبوانی تای خوێنبەربون گیان لەدەستدانی دوو كه‌س تۆماركراوه‌، یەکەمیان لە زیقار و دوەمیان لە واست بوه‌، جگە لە 16 حاڵەتی توشبوی دیكه‌".

وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو دوو تووشبووەی گیانیان لەدەستداوە، لە پارێزگاکانی زیقار و واست بوون.

ئاشکراشیکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 231 حاڵەتی پشتڕاستکراوەی نەخۆشییەکە تۆمارکراون و 30 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوەکردەوە له‌ "پێویستی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بە کڕینی گۆشت بە تایبەتی لە کوشتارگە و قەسابخانە مۆڵەتپێدراوەکان، هەروەها پێویستە قەسابەکان جلوبەرگی خۆپارێزی و دەستکێش و دەمامک ببه‌ستن، سەردانی نزیکترین دامەزراوەی چاودێری تەندروستی بکەن ئەگەر نیشانەکانی دەرکەوت".

دەشڵێت "نیشانەکانی قۆناغی یەکەم بریتین لە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و هەستکردن بە ماندوێتی، قۆناغی دوەم کە مەترسیدارترە بریتییە لە دەستپێکردنی خوێنبەربون لە دەمارەکانی جەستە و ژێر پێستەوە، ئه‌وه‌ش واتا لەوکاتەدا نەخۆشییەکە گەیشتوەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو".

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP