هەرێم نیوز
ئاشکرابوو بۆچی نیکۆ ویلیامز لە بارسێلۆنا تووڕەبووە و لە دوایین رۆژەکاندا لەهەموو شتێک پاشگەزبووەتەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاشکرای دەکات کە پاشگەزبوونەوەی نیکۆ ویلیامز لە چوونە ریزەکانی بارسێلۆنا بەبێ هۆکار نەبووە، بەڵکو بەهۆی قسەکانی بەرپرسێکی بارسا، خۆی و ماڵباتەکەی تووڕە بوونە و بڕیاریانداوە بارسێلۆنا رەت بکەنەوە.
نیکۆ ویلیامز زۆر نزیکبوو لە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە، تەنانەت دانوستاندنی لەگەڵیان کردبوو و لەسەر هەموو شتێک رێککەوتبوون، کار گەیشتە ئەوەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی کەتەلۆنی بەئاشکرا باسی چوونی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا بکات، بەڵام دواجار بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو نوێکردەوە و هەمووانی شۆک کرد.
ئەوکات میدیاکان باسیان لەوەکرد کە نیکۆ ویلیامز بەڵێنەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا نەبردووەتەوە سەر. هەندێکیان گوتیان درۆی لەگەڵ بەرپرسانی بارسا کردووە و تەنانەت هەندێکیان بەوە تۆمەتباریان کرد، کەو ئەو یاری بە بارسێلۆنا کردووە و تەنیا بۆ ئەوە دانوستاندنی لەگەڵ ئەو یانەیە کردووە بۆ ئەوەی ئاتلێتیک بیلباو گرێبەستێکی باشتری لەگەڵ واژۆ بکات و مووچەیەکی زیاتری پێبدات.
رۆژنامەی سپۆرت، کە کەتەلۆنییە و نزیکە لە بارسێلۆنا قسەیەکی دیکەی هەیە و دەڵێت "بەرپرسێکی بارسێلۆنا نامەیەکی بۆ نیکۆ و ماڵباتەکەی ناردووە و تووڕەی کردوون، بۆیە بڕیاریان داوە تۆڵە لە بارسێلۆنا بکەنەوە".
وەک ئەو رۆژنامەیە باسی دەکات، بەرپرسەکەی بارسا نامەیەکی ناردووە و تێیدا نووسیویەتی "واز لە تاینتا (بەڕێوەبەری کارەکانی نیکۆ) بهێنن، با خۆرخی مێندێز یان پینی زەهاوی نوێنەرایەتیتان بکات".
سپۆرت زیاتر دەڵێت "ئەم قسەنە نیکۆ و ماڵباتەکەی زۆر تووڕە کردووە و بەبێڕێزی لەقەڵەمیان داوە، بۆیە بڕیاریانداوە هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ بارسێلۆنا بپچرێنن".