هەرێم نیوز
سەرۆك كۆماری عێراق لە دیداری لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی چەک دانانی پەکەکەی بەرز دەنرخێنن و ئەو هەنگاوە بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەرتاسەری ناوچەکەدا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، د.لەتیف ڕەشید ئەمڕۆ دوشەممە لەکۆشکی بەغدا، پێشوازی لە ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی کۆماری تورکیا لە عێراق کرد. لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و گەلی دۆستدا کردەوە.
د. لەتیف ڕەشید، ڕێککەوتنی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا و پرۆسەی چەک دانانی پەکەکەی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەشدا كە چەک دانانی پەکەکە بنەمایەکی گرنگە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەرتاسەری ناوچەکەدا.
لەلایخۆیەوە باڵیۆزی تورکیا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک کۆمار و پەرۆشی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی و هاریکاری هاوبەش دەربڕی، ڕونیشی کردەوە کە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان گەشەسەندنێکی ئەرێنی بەخۆوە دەبینێ لەبوارە جیاجیاکاندا.