هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لهبارهی ڕوداوهكانی چهند ڕۆژی ڕابردوی ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕایگهیاند، رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستیپێکردوە و دهشڵێت، "داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەڵەتێن".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی 7ی 2025، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان له ڕونكردنهوهیهكدا بڵاویكردەوە، تێیدا هاتووە، "لە ئەنجامی ناکۆکیی نێوان چەند کەسێک لە سەر کێشەی زەویوزار، گرژیی و نائارامی لە ناوچەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر دروستبو کە بە داخەوە بوە هۆکاری زیانی گیانی و ماددی، بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و حیزبی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ توانرا هەر زو ئەو کێشەیە سنوردار بکرێت".
ئاماژهی بهوهشكردوه، بە هاوکاریی خەلکی دەڤەرەکە ناوچەکە ئارام کرایەوە و رێکاری یاسایی بۆ چارەسەریی ناکۆکییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران دەستیپێکردوە.
وەزارەتی ناوخۆ دهڵێت، "داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکەین بە قسەی ناحەزان و هاندانی دەستی گوماناوی هەڵنەخەلەتێن و بەردەوام بن لە پابەندی بە رێنماییەکانی ئاسایش و هاوکار بن بۆ نەهێشتنی گرژەییەکان و سەقامگیریی ئەو دەڤەرە".
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتوه، "ئارامی و ئاسایشی هەمو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە سەروی هەمو شتێکە و ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێت بە هەر مەبەستێک بێت پەرە بە نائارامی و گرژیی بدات و هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیادەکەینەوە کە کوردستان هەر بە سەقامگیرترین ناوچە لەدەڤەرەکەدا دەمێنتەوە".