دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

قاسم ئەعرەجی: پێویستە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت

هەرێم نیوز 

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێم بەتایبەتی مووچە دابین بکرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 7ی 2025، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێویستە هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی مووچە بگەنە ڕێککەوتن و ئەو کێشەیە چارە بکەن. 

دەشڵێت: پێویستە کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەپێی دەستوور چارە بکرێن و شایستەکانی هەرێم، بەتایبەتی مووچە دابین بکرێت.

جەختیشیکردەوە، عێراق لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکان دەکات کە لە ماوەی دوایی کرایە سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق، وتیشی، لە سەردانەکەم بۆ کوردستان، لەگەڵ سەرکردایەتی  کوردستان تاوتوێی دۆخی ناوچەکەمان کرد.

ئەمەش لەکاتێکدایە، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دوێنێ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆبووەوە. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP