دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

هەولێر؛ دەستبەسەر 4 هەزار بوکەڵەی لابووبو'دا گیرا

هەرێم نیوز 

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایگەیاند، فرۆشتنی بوکەڵەی لابووبو قەدەغە کراوە، دەشڵێت، دەست بەسەر 4 هەزار لەو بوکەڵەیەدا گیراوە.

هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایگەیاند: کڕین و فرۆشتنی بوکەڵەی لابووبو قەدەغە کرا چونکە بوو بووە هۆی  چەواشەکاری بازرگانی و بارگرانی خێزانەکان ئاماژەشی بەوە کرد لە دوێنێوە 4 هەزار بوکەڵە دەستی بەسەردا گیراوە.

پێشتر لە ، 5ـی 7ـی 2025، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بووکەڵەی لابووبوو ئێستا بە شێوەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە و خەڵک دەیکڕن، لەبارەی حوکمەکەی مشتومڕێکی زۆر هەیە، بەپێی بەدواداچوون و سەرنجدانی ئێمە، بە باشی نازانین خەڵک بیکڕن لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بەفیڕۆدانی ماڵی تێدایە".
 
وتەبێژی یەکێتیی زانایان داوای لە هاووڵاتییان کرد بە مەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە ئەو بووکەڵەیە نەکڕن، چونکە "حەرامە".

لابووبوو بووکەڵەیەکی دروستکراوی چینە و کارەکتەرێکی خەیاڵیی نێو فیلمی منداڵانە، وەکو کارەکتەرێک لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشندا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە زنجیرەی (The Monsters)، لە ناو کیسێک یان پاکەتێکدایە، کۆمەڵێک رەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێش ئەوەی پاکەتەکە هەڵبپچڕیت نازانیت چ رەنگێکە و هەندێک رەنگ بەمەبەستی شانس بەکاردەهێندرێن، بەشێکی زۆری خەڵکی بەتایبەتی کچان لە هەموو جیهانەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP