دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: تا کۆتایی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی فراوان بوونی پرۆژەی ڕووناکی و سوودمەندبوونی زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی لە کارەبای 24 کاتژمێری لە ئێکس نووسیویەتی: تا کۆتایی 2026 پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "ئێستا دوو ملیۆن هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێی پڕۆژەی ڕووناکییەوە، کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە."

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "تا کۆتایی 2026، پڕۆژەکە دەگاتە هەموو ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، پڕۆژەی ڕووناكی گەیشتە زیاتر لە 2 ملیۆن كەس كە دەكاتە نزیكەی 30%ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆش، زۆربەی خەڵك لەسەر ئاستی شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دەستیان بە كارەبای 24 كاتژمێری دەگات، فراوانبوونەكەش هەردوو بازنەی 150 مەتری لە هەولێر و 60 مەتری لە سلێمانی دەگرێتەوە، ئەم دەستكەوتەش هەنگاوێكی گرنگە بەرەو دابینكردنی كارەبایەكی بەردەوام و هەرزانتر لەپاڵ ژینگەیەكی پاكتر لە هەرێمی كوردستان.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی ڕووناكیی ڕاگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی كارەبای 24 كاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان تاوەكوو كۆتایی ساڵی 2026، لە 14ی ئایاری ئەمساڵیش، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە كۆی دەنگ بڕیاری پەسەندكردنی پڕۆژەكەی دەركرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP