هەرێم نیوز
ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو دیاریکرا بۆ دادبینیکردنی سکاڵای هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی عێراق، رۆژی دووشەممە، 14ـی ئەم مانگە دادگاکە لەسەر سکاڵایەک دادەنیشێت کە لەلایەن سکاڵاکاران رەمەزان عەبدولڕەحمان، کاروان ئەحمەد سلێمان تۆمارکراون، سکاڵاکاران داوا دەکەن ، بڕیار بدرێت کە وەزارەتی دارایی عێراق گەرەنتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات بەشێوەی مانگانە و بێ دواکەوتن، بێ روانین لە ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو حکومەت لەسەر راڤەی دەقە یاساییەکانی یاسای بودجەی عێراق یان هەر هۆیەکی دیکە.
هەروەها داواکراوە دادگە فەرمانسالاری دەربکات و وەزارەتی دارایی عێراق ناچار بکات بە ناردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان ، سوودمەندانی دەستەبەری کۆمەڵایەیەتی، بەشێوەی دەستبەجێ و لەو مانگەوە تاوەکو ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە.
هەمان رۆژ دادگاکە سکاڵایەکی دیکەی سکاڵاکاران دلاوەر محەممەد ساڵح، زریان عەلی، سامان عەلی تاوتوێ دەکات، ئەوانیش داوا دەکەن بڕیار بدرێت بە دوورخستنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان و خەرجییە کردارییەکان.
هەردوو سکاڵاکە رۆژی دووشەممە 14-7-2025 یەکەم دانیشتنیان لەسەر دەکرێت.