هەرێم نیوز
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: "بەهیواین هەفتەیەکی دیکە تیروپشک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتەکانی حکومەت بکەین، کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە".
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: "لە قۆناغی یەکەم توانیومانە نزیکەی 3 هەزار زەوی بەسەر فەرمانبەرانی چوار وەزارەتی حکومەت دابەش بکەین و ئێستا ناوی نزیکەی 57 هەزار فەرمانبەری دیکە گەڕاوەتەوە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر".
جەختی لەوەشکردەوە: "فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی شارەوانی جگە لەدەوامی خۆیان کاتەکانی دیکەش هەندێک جار ڕۆژانی شەممەش، دەوام دەکەن، بۆ ئەوەی قۆناغی دووەم بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە هیوادارین لە زووترین کات قۆناغی دووەم دەست پێ بکەین.".
لەبارەی تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەران دووپاتیکردەوە: "بڕیار بوو دوای جەژنی قوربان تیروپشک بۆ ئەو ناوانە بکەین کە ناویان بۆ پێدانی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام بەهیواین هەفتەیەکی دیکە تیروپشک بۆ ئەو فەرمانبەرانەی وەزارەتەکانی حکوومەت بکەین، کە ناویان گەڕاوەتەوە".
سەرۆکی شارەوانی هەولێر دووپاتی دەکاتەوە: :تاوەکوو یەک فەرمانبەر مابێت کە بڕیارەکەی حکومەت بیگرێتەوە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، کارەکانیشمان بەپێی ئەو ماستەرپلانە بەڕێوەدەچێت کە بۆ نیشتەجێبوون دیاریکراو".