هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکوەزیران ڕایدەگەیەنێت: "بەدیلی رێککەوتن هەر رێککەوتنە و هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک بۆ چارەسەری هەمیشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەران".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا و فواد خازر ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن و هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی نوێی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە هەر سێ کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (9/7/2025) بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران بە ئاماژەدان بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆرانی هەرێم، روونیکردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکاندا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەکە و بە تایبەت پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا. قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە شەڕ و بارگرژییەکانی ئەم دوایانە، هیوای خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لایەنەکانی ناوچەکە هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بە ئاراستەی هێورکردنەوەی بارگرژییەکان و سەقامگیرترکردنی ناوچەکە، چونکە دواجار سەقامگیری لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ناوچەکەدایە و لە دۆخی ناسەقامگیریدا هەمووان زەرەرمەند دەبن.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیاش، جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پاڵپشتیکردن لە پرۆسەکە و راشیگەیاند لە هەر شوێنێک پێویست بکات هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر چەشنە هاوکاری و هەماهەنگییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.