3 ئاب 2024
نەوزاد جەمال
پوختە
سینەما و بەرهەمهێنانی فیلم، بەپلەی یەکەم کارێکی هونەرییە و پێویسته بە پێوەر و بەها هونەرییەکانی سینەما هەڵبسەنگێنرێت. بەڵام، بەدیوێکیتردا پیشەسازی سینەما وەک ‘هێزێکی نەرم’ بەشێکە لە ستراتیجییەتی نیشتمانی و دیپلۆماسی هونەریی/کولتووریی وڵاتان. ههروهك بەکارهێنانی سیاسییانەی هونەر، ئەدەب و زانست، راستییەکی مێژووییە. لهگهڵ ئهوهشدا ئەرکی سینەما لە ستراتیجییەتی سیاسیی بەردەوام لەبەرچاوگیراوە.
جەنگی کولتووریی له سەردەمی جەنگی ساردی کۆن و نوێ
زیادەڕەوی نییە ئەگەر بگوترێ ‘فیلم’، سەرقافڵەی جەنگی ساردبووە. ئەمەش بەسەرهاتی خانمێکی سیخوڕ’ی ‘سی ئای ئهی’، فیلمی ‘پەڕەسێلکەی سوور’[i] ئەمریکیمان بیردەخاتەوە کە بەرپرسێکی دەزگای ‘کەی جی بی’ سۆڤیەت تیرۆدەکات.
پاش جەنگی سارد لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئەمریکادا، هەوڵی “دوژمنسازیی” و وێناکردنی دوژمنێکیتر دەکرا و لە سینەماشدا ئەوە رەنگیدایەوە. لە گوتاری سیاسی و فیلمەکاندا، سۆڤیەت/سۆسیالیزمی کۆمنیستی، بە دوژمنی نمرە یەکی ئەمریکا وێنادەکرا. لێرەوە، سینەما و سیاسەت تێکەڵبوون. کتێبی ‘جەنگی ساردی کولتووریی’ لە نووسینی ‘فرانسیس سەندەرز’ بە روونی پەنجە دەخاتەسەر رۆڵی ‘سی ئای ئهی’ لەو جەنگەدا.
تەنانەت هونەری شێوەکاری ‘ئەبستراکت’یش کە خۆم بە فۆرمێکی باڵای هونەریی دادەنێم و توانای سەرووکەوتنی ‘فیگەریزم’و ریاڵیزم و ئیمپیریشنیزم و رۆمانتیزم و هتد… هەیە، بەجۆرێک لەلایەن ‘سی ئای ئهی’هوە هاندراوە و ئاڕاستەکراوە! هونەری شێوەکاری ‘ئەبستراکت ئیکسپرۆنۆشیزم’[ii] وەک ‘میوزیکی جاز’ سەربەخۆ لە کارتێکەری سیاسیی گەشەی کردووە، بەڵام لە بەکارهێنانی سیاسیانەش بەدوور نەبووە[iii].
پاش جەنگی دووەمی جیهان، ئەبستراکتیزمی ‘جاکسن پۆلۆک’ [iv] لە ئەمریکا کە ئیمپراتۆرییەتێکی کولتووری بووە[v] لەگەڵ ‘رۆبەرت مەزەروێل، ویلم دە کۆنیننگ و مارک روتکۆ’ وەک بکەرێکی جەنگی کولتووریی جەنگی سارد ماوەی(٢٠) ساڵ لە سایەی دەزگای هەواڵگرییەوە برەوییان بەو فۆرمەی شێوەکاری داوە[vi].
ئەمریکا جەنگی کولتووریی بە بەشێک لە سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی داناوە و لەو پێناوەشدا ملیارەها دۆلار و هەزاران کتێبی ‘دژەکۆمۆنیزم’ و چەندان هونەرمەند و ئەکادیمی لەسەرتاسەری جیهاندا بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێناوە!
لە ڕێی ئەوانەوە، هەوڵدراوە ‘دژەگێڕانەوەیەک’[vii]ی ئایدۆلۆجیای سۆشیالیزم بڵاو بکرێتەوە. بەمەش دەزگای هەواڵگری ئەمریکی جڵەوی ژیانی کولتووریی بەدەستەوە بووە، بەتایبەت سیناتۆر ‘مەککارتی’ لیژنەیەکی لەنێو کۆنگریسدا بۆ چالاکی بەرەی “دژەئەمریکا” پێکهێنا و چاودێریکردنی چالاکی کولتووری و ڕووناکبیران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە!
لەکاتێکدا گێڕانەوە باوەکە ئەوەیە؛ سۆڤیەت دەسەڵاتێکی ناوەندگەرییە و ‘سەرکردەکانی حزب’ تۆتالیتاریین و ڕێ بە ئازادی دەربڕین و بیرکردنەوە نادەن. چونکە، هەموو چالاکی سینەمایی و ئەدەبی و زانستییان قۆرخکردووە. لە ‘بەرەی ئازاد’ و لیبراڵیشدا، ئازادی دەربڕین ئەوەندە تەسک دەبێتەوە؛ هەر کەسێک تۆمەتی کۆمۆنیستی بخرێتەپاڵ، چارەنووسی دەکەوتە مەترسییەوە!
بەڕای ‘سۆندەرز’ فیلم وەک پڕۆپاگەندە لە خەیاڵکردندا برەو دەسەنێت، بەڵام هەرکات ئەندیشە لە پیشەسازی سینەمادا بەرجەستەکرا، خەیاڵ دەبرێتە ناو واقیعەوە [viii]. هۆڵیویدیش لەپێناو خۆگونجاندن لەگەڵ سروشتی باوی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا، پێویسته ‘فۆرمە ئەفسانەی’یەکە لەخۆی دابماڵێت.
بۆیە، سەروەختێک فیلمی ‘دژە بەڵشەفیک’ی ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردووی بەجێهێشت و هاتەسەر بەرزڕاگرتنی ڕۆڵی ڕووسیای هاوپەیمان لە جەنگی دووەمی جیهان. ساڵانێکی زۆر “دێوەزمەی سوور” سۆڤیەت، ‘پەردەی ئاسنین’ و پێشبڕکێی چەکسازی و چوونە سەر مانگ و هتد. لە سینەماشدا لە ئارابوو.
پاش کۆتایی جەنگ، کاتێ ئەمریکا بایکۆتی ڤیستیڤاڵی(کان)ی کرد، رووسیا ئەوەی قۆستەوە، دواتر ئەمریکا چاوی چووەوەسەر سینەما و تەنانەت رۆمانەکەی ‘جۆرج ئۆرویڵ ‘- ١٩٨٤- کە لە ١٩٥٤ بڵاوبۆتەوە، بایەخی پێدا[ix].
ئیدی، بایەخی ستراتیجی هونەر و ئەدەب و سینەما بەتایبەت، لە دەرەوەی جەنگی کولتووریی نەبووە. هەروەها، لە سۆڤیەتیشدا فیلمسازی ئاڕاستەیەکی پێچەوانەی هۆڵیوودی هەبووە و ‘لینین’ پێی وابووە؛ ‘لە هەموو جۆرەکانی تری هونەر، گرنگترینییان سینەمایە’.
میتۆدی ‘دیالێکتیکی’ فیلمسازی بەناوبانگی سۆڤیەتی ‘سێرگی ئایزنستاین’، هەوڵێک بووە کە لەبەرامبەر هەر بابەت و پرسێکدا، دژەکەی وێنابکرێت و دژیەکی و بەیەکدادان لە چاو و هزری بینەردا دروست بکات. بۆیە، دیدێکی ئایدۆلۆجیانە لە کارەکانیدا رەنگیداوەتەوە.
بەڵام نەک تەنها لە سۆڤیەت، بەڵکو (بۆڵیوود)یش دیدگایەکی ستراتیجی لە پشت بەرهەمێهینانی فیلمەوە ئامادەیە و ‘جەواهیر لال نەهرۆ’ پێیوابووە ‘کاریگەری فیلم لە هیندستان لە ڕۆژنامە و تەنانەت لە کتێبیش مەزنترە’. بەتایبەت، لە کۆمەڵگایەکی زۆرینە نەخوێندەواردا مەودای فیلم بەراورد بە کتێب و ڕۆژنامە فراوانترە. ئەگەر فیلمە هیندییەکان ئاراستەیەکی ئایدۆلۆجییش بەسەریاندا زاڵ نەبێت، بەڵام جۆرێک لە بازاڕسازیی و دروستکردنی وێنەیەکی پرشنگداری کولتوورو شارستانییەتەکەیانە. هەر لە ڕەنگاڵەیی جلوبەرگ و قوماشی ‘ساری’ تا بەهارات، سروشت و ئایین و باوەڕ و زمانی تێیاندا زەقدەبنەوە. ئەگەر هیندستانیشمان نەبنێبێت، لە بۆڵیوودەوە ئاشنای کولتوورەکەی بووین.
ئەم پەیام و ئەرکەی سینەما، بەشێک لەسیاسەتی کولتووریی وڵاتەکە و ڕکابەریکردنیشە لەگەڵ هۆڵیوود کە هەژموونی کولتووری ئەمریکی پێوەدیارە. هەمان شتیش بۆ ئێستای سینەمای ‘چینی’ ڕاستە کە بایەخی سینەما، جۆرێکە لە هەناردەکردنی کولتووری خۆماڵی بۆ دەرەوەی.
مۆدێلی سینەمای بەرهەڵستكاری و بەرگری لە ناسنامەی نیشتمانی
لە بەرامبەر مۆدێلی سینەمای ئەمریکی سەردەمی جەنگی سارد و ئێستا، یان سینەمای سۆڤیەتی و هیندی و چینی، سینەمای ‘بەرهەڵستكاری'(المقاومة) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆتایی شەستەکانەوە سەری هەڵداوە[x