هەرێم نیوز
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بەغداد لە پاساوهێنانەوە بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، “عەقڵی لەدەست داوە”.
د. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی (ئێكس) بڵاوی كردەوە، بەغداد عەقڵی لەدەست داوە لە پاساوهێنانەوە بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا، لە مانگی ڕابردوودا، بانگشەی ئەوەی كرد كە هەرێمی كوردستان پشكی خۆی وەرگرتووە، بەڵام لەم مانگەدا پشت بەو بڕیارانە دەبەستێت كە لە دادگای فیدراڵییەوە دەركراون، سەرەڕای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی دادگاكە.
ئەوەشی وتووە: لەلایەكی دیكەوە، باسی ئەوە دەكەن، كێشەی تەكنینی هەیە، یان گومان دەخاتە سەر شەرعیبوون و یاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەكان.
شەوی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ڕاگەیەندرا دەبێت هەرێمی کوردستان بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە پابەند بێت بۆ ئەوەی مووچەی بۆ ڕەوانە بکرێت.