دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق ڕونکردنەوە لەبارەی ڤیزای سوریا دەدات

هەرێم نیوز

لەدوای كەوتنی رژێمی ئەسەدەوە گەشتی ئاسمانیی نێوان عێراق و سوریا راوەستاوە، كەچی ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە سوریا ڤیزای لەسەر هاوڵاتیانی عێراقی گران كردووە، ئەمە باڵیۆزخانەی عێراقی لە دیمەشق ناچار كرد رونكردنەوە بدات.

باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق رونكردنەوەیەكی لەبارەی ئەو هەواڵانە بڵاوكردەوە كە باسلەوە دەكەن نرخی ڤیزای سوریا لەسەر هاوڵاتیانی عێراقی گران كراوە.

باڵیۆزخانەی عێراق دەڵێ: ئەو قسەو باسانە راست نییەو هیچ زیادكردنێك لە نرخی ڤیزای سوریا رووینەداوە؛ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی سوریا لەمبارەیەوە قسەمان كردووەو ئەوەیان پشتڕاست نەكردەوە كە دەوترێت.

هەندێك لە میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردەوە گوایە نرخی ڤیزای سوریا لەسەر هاوڵاتیانی عێراقی بۆ زیاتر لە 250 دۆلار بەرزكراوەتەوە، ئەمەش جۆرێك لە مشتومڕو لە هەندێك باریشدا گاڵتەجاڕیی دروستكرد.

لەدوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەدی سوریاو هاتنەسەر كاری دەسەڵاتی دەستەی (تەحریر شام) لە سوریا، گەشتی فڕۆكەی مەدەنی نێوان عێراق و سوریا راوەستاوەو ئەمڕۆش وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە هێشتا گەشتەكان دەستیان پێ نەكردوەتەوە، جگە لە چەند حاڵەتێكی سنورداری كۆمپانیای فڕۆكەوانیی (أجنحة الشام)ی سوریا كە ئەوەش دەمێكە راوەستاوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP