دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئیسرائیل: هێرش ناکەینە سەر ئێران مەگەر دانوستان شکست بهێنێت

هەرێم نیوز

ئاژانسی ئەکسیۆس لە زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلی کە زانیاری ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆخەکە هەیە دەڵێت، ئیسرائیل دڵنیایی داوەتە ئەمریکا کە هێرش ناکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران تا ئەو کاتەی ترامپ ڕایگەیەنێت کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران شکستی هێناوە.

ئیدارەی ترەمپ لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نیگەران بووە لەوەی ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمە سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکان. ترەمپ هۆشداری داوەتە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئێستادا کە دانوستان بەردەوامە، هیچ هەنگاوێک نەگرێتەبەر.

بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لە سەردانێکی هەفتەی ڕابردوودا بۆ واشنتۆن لەلایەن ڕۆن دێرمر وەزیری کاروباری ستراتیژی و دەیڤید بارنی بەڕێوەبەری مۆساد و تزاهی هانگبی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانییەوە، ئەم پەیامە دڵنیاکەرەوەیان گەیاندووەتە ترەمپ.

بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیل وتی: ئێمە ئەمریکییەکانمان دڵنیا کردەوە و پێمان وتن ئەگەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی باش بدۆزرێتەوە، هیچ هۆکارێک نییە بۆ هێرشکردن، هەر بۆیەش کاتی پێدەدەین و هەر هەنگاوێکی سەربازی ڕادەگرین تا ئەو کاتەی ڕوون دەبێتەوە کە دانوستانەکان شکستی هێناوە و ستیڤ ویتکۆف [نێردەی ئەمریکا لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران] سەرنەکەوتنی خۆی ڕادەگەیەنێت.

ئەمریکا هێشتا چاوەڕێی وەڵامدانەوەی ئێرانە بۆ پێشنیارەکەی بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی. کاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئێستا ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی دەکەن.

وادەی دوو مانگەی ترەمپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هەفتەی داهاتوو کۆتایی دێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP