هەرێم نیوز
رۆژنامەی "الشرق الاوسط" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، سەرچاوەكان لە بەغدا ئاماژە بەوەدەكەن، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تاوتوێی پێشنیازێک دەکات بۆ چارەسەركردنی قەیرانی بڕینی مووچە لە هەرێمی کوردستان، بە خەرجکردنی لە شێوەی قەرزدا.
هاوكات راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان باس لەوە دەكەن، رەنگە سودانی یەكێك لە سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رابسپێرێت بۆ سەردانیكردنی هەرێمی کوردستان، لەپێناو هێوركردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێكی مامناوەند.
حکومەتی فیدراڵی، بە نیازە فەرمانی خەرجکردنی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەربکات، بەو مەرجەی بە شێوەی قەرزێکی دارایی کاتی خەرج بکرێت، تا دواتر لە تەرخانکراوەکانی هەرێم بدرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەیەکی باڵای هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئێستا پێکدەهێنرێت.
هاوكات راپۆرتە ناوخۆییەكان دەڵێن: رەنگە سودانی داوا لە هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر بكات، كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ کورددا هەیە، بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەڵ سەرکردەکانی کۆببێتەوە، بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە سازان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، د.هاوڕێ كەمال، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەقی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی داناوەتەوە و روونی كردووەتەوە، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (224) و یەکخراوەکەی (269/اتحادية/2023) لە 21ی شوباتی 2024، تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕگەی یەکەم و حەوتەمی بڕیاری حوکمەکەدا هاتووە، نابێت قەرز بدرێت بە هەرێمی کوردستان لەبری مووچە.
هەروەك لە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیدا هاتووە، مووچە مافێکی سەرەتایی مووچەخۆرانە و پێوستە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بێت بە تەمویلکردنی مووچە.
جێگەی ئاماژەیە، جگە لە بڕگەی یەكەم و حەوتەمی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵ، لە بڕگەی شەشەمیشدا هاتووە، هیچ كاتێك نابێت كێشەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق، ببنە هۆكاری پێنەدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و پێدانی مووچەیش لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵە.