هەرێم نیوز
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی کۆبوونەوەیەکی باڵا لە غەززە، کە سوپای ئیسرائیل لە تونێلێکی ژێر ناوچەکە دۆزیویەتیەوە، سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەریان بۆ سەر ئیسرائیل بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و سعودیە دەستپێکردووە.
بەڵگەنامەکە کە لەلایەن ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، دەریدەخات کە یەحیا سینوار، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، تەنها چەند ڕۆژێک پێش هێرشەکە، کە نزیکەی ١٢٠٠ کەسی لە ئیسرائیل کوشتووە، بە ئەندامانی دیکەی گروپەکەی ڕاگەیاندووە، کە "کارێکی بێپێشینە" پێویستە بۆ ڕاگرتنی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی سعودیە و ئیسرائیل، کە بە وتەی خۆی مەترسی پەراوێزخستنی پرسی فەلەستین هەیە.
لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، لە زاری سینوارەوە هاتووە، کە گومانی تێدا نییە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل "پێشکەوتنی بەرچاوی" بەخۆیەوە بینیوە.
هۆشداریشیدا لەوەی ئەم ڕێککەوتنە دەرگا بۆ زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکاتەوە کە بە هەمان ئاراستەدا هەنگاو بنێن.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئەم پرۆسەیە بۆ سینوار و حەماس قبوڵنەکراو بوو، کە داوای لەناو* بردنی تەواوەتی ئیسر* ائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەکەن لە ڕووباری ئوردنەوە تا دەریای ناوەڕاست. سینوار لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کاتی ئەوە هاتووە هێرشێک ئەنجامبدرێت کە ماوەی دوو ساڵە لە پلانداناندایە.
ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجی هێرشەکە "دروستکردنی گۆڕانکارییەکی گەورە یان گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بووە لە ڕێڕەو و هاوسەنگییەکانی ناوچەکە سەبارەت بە پرسی فەلەستین". بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، چاوەڕێی ئەوە بووە کە لە هێزەکانی دیکەی "میحوەری مقاوەمە" لە دژی ئیسرائیل یارمەتی وەربگرێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بزووتنەوەی حەماس وەڵامی داواکارییەکەی بۆ لێدوان لەسەر ڕەسەنبوونی بەڵگەنامەکە و ناوەڕۆکەکەی نەداوەتەوە. بەرپرسانی هەواڵگری عەرەبی ئاگادار لە حەماس ڕایانگەیاندووە، بەڵگەنامەکە هاوشێوەی بەڵگەنامەکانی دیکەی سوپای ئیسرائیل کە لە غەززە دۆزرایەوە، پێدەچێت ڕاستەقینە بێت.
بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن کە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس زیاتر نیگەران بوون لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بە نێوەندگیری ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرپرسانی ئەو سێ وڵاتە ڕایانگەیاند کە جیاوازیەکان بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات.
بە پێی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە، دیدارێکی دیکە سەبارەت بە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر لە بەیرووت، لە ٢ی ئۆکتۆبەر لە نێوان نوێنەرانی حەماس و بەرپرسانی ئەمنیی ئێران بەڕێوەچوو. ئەندامانی حیزبوڵڵا و حەماس کە بە پشتبەستن بە لێدوانەکانی ڕاپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ئێران ڕازی بووە بە هێرشەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل.
تاران هەمیشە ڕەتیدەکاتەوە ئاگاداری هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر بێت و لە حاڵەتەکانی پێشوودا ئەو بەڵگەنامانەی لە تونێلەکانی غەززەدا دۆزراونەتەوە بە ناڕاست زانیوه.
هەروەها بەرپرسانی دیکەی بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵا ئەو بانگەشەیان ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە وردەکارییەکانی هێرشەکە بە ڕەهەند و بەروارەکەیەوە تەنیا لە چوارچێوەی بازنەیەکی داخراوی باڵی سەربازیی حەماس لە غەززە هێڵراوەتەوە.
بەپێی ئەم بانگەشەیە بێت، ڕاپۆرتی دەزگا هەواڵگرییەکانی چەند وڵاتێک ڕەتدەکرێتەوە. بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، ئێران و بەرپرسە باڵاکانی و هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان، لە هاوینی ٢٠٢١ەوە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس، بژاردەکانی هێرشیان تاوتوێ کردووە.
ئێران لە مێژە چەک و پارە و مەشق و ڕاهێنانی بۆ حەماس دابین کردووە و هەروەها لە هەفتەکانی پێش ٧ی ئۆکتۆبەردا مەشقی سەربازی پێشکەش کردووە.
بەڵام هەواڵگری ئیسرائیل و لێدوانی بەرپرسانی "میحوەری مقاوەمە" ئاماژە بەوە دەکات کە تاران و حیزبوڵڵا بە حەماسیان وتووە کە نایانەوێت شەڕێکی تەواو و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بکەن.
زۆرێک لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە لە پلاندانان بۆ هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبەر کوژراون، لەوانە یەحیا سینوار، مەروان عیسا و محەمەد زەیف.
ڕاپۆرتێکی ناوخۆیی کە لە مانگی ئابی ٢٠٢٢ەوە بە "نهێنی" پۆلێن کراوە، کە لەلایەن سەرکردایەتی سەربازیی حەماسەوە نووسراوە، هاتووە: “ئەرکی بزووتنەوەکەیە کە پێگەی خۆی پێناسە بکاتەوە بۆ ئەوەی، پرسی فەلەستین لە بەرامبەر شەپۆلی بەربڵاوی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل بهێڵێتەوە و بپارێزێت، کە ئامانجی سەرەکییان پاککردنەوەی پرسی فەلەستینە."